Accessibility links

میسر: عەبدولفەتاح ئەلسیسی یەکەم سەرۆکە بە تەلەفون پـیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ بکات


سەرۆکی میسر پـیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، هیوای خواستووە کاتێـک پـۆستی سەرۆکایەتی لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو گرتەدەست گیانێـکی نوێ بە پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات ببەخشێت.

سەرۆکایەتی میسر ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند عەبدولفەتاح ئەلسیسی بە تەلەفون پـیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ کردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە.

هەروەها گوتویەتی بۆ دەیان ساڵە پەیوەندی ستراتیژی تایبەت هەردوو وڵاتی میسر و ئەمەریکای بە یەکەوە گرێ داوە. جەختی لەوەش کردووەتەوە ئەمەریکا و میسر ڕۆڵێـکی گرنگ و ئامانجی هاوبەشیان هەیە لە سەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریکا و هەروەها پاراستنی خەڵکی ئەم دوو ناوچەیە.

پاشان سیسی دەعوەتی ترەمپی کردووە تاوەکو سەردانی میسر بکات. بەپـێی بەیانـنامەکەی میسر ترەمپیش لای خۆیەوە سوپاس سیسی کردووە و پـێی گوتووە یەکەم کەسە لە دەرەوە بە تەلەفۆن پـیرۆزبایی لێبکات.

جێی ئاماژەیە لەوەتای محەمەد مورسی سەرۆکی پـێشووی میسر لە ساڵی 2013 لە دەسەڵات لادرا، پەیوەندیـیەکانی نێوان واشنتن و قاهیرە ساردیـیان تێکەوت. چەندان جار بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆباما ڕەخنەی لە دەسەڵاتی سیسی گرتبوو لەسەر پـێشـێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.

XS
SM
MD
LG