Accessibility links

سەرۆک ترامپ لەگەڵ پاپای ڤاتیکان کۆدەبێتەوە


پاپا فڕەنسیس لە ڤاتیکان پـێشوازی لە دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا کرد و لەگەڵیدا کۆبووەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆک ترامپ و مەڵانیا ترامپ خانمی یەکەمی ئەمەریکا و ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوە و ئیڤانکای کچی و جارێد کوشنەری زاوای گەیشتنە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا و پاشان ڕاستەوخۆ بەرەو ڤاتیکان بەڕێکەوتن و لەوێ لە لایەن پاپا فڕەنسیس پـێشوازیان لێکرا.

سەرۆک ترامپ بۆ ماوەی نیو کاژمێر لەگەڵ پاپا کۆبووەوە و گوتی جێی شانازیـیەکی زۆر گەورەیە کە لەگەڵ ئەم کەسایەتیـیە باڵای کرستیانەکان کۆدەبێتەوە.

پاشان سەرۆک ترامپ چەند پەرتوکێکی مارتن لوثەر کینگی وەک دیاری پـێشکەشی پاپای کرد و ئەویش مەدالیایەک کە لە دەستکردی هونەرمەندێـکی ڕۆمانیـیە و چڵە زەیتونێکی تێدایە کە سمبوڵی ئاشتیـیە پـێشکەشی سەرۆک ترامپ کرد، هەروەها پاپا سێ پەرتوکی پـێشکەشی ئەندامانی خێزانەکەی سەرۆک ترامپ کرد.

هەر یەک لە خانمی یەکەمی ئەمەریکا و ئیڤانکای کچی سەرۆک ترامپ جلوبەرگی ڕەشیان لەبەرکردبوو و سەریان پـۆشیبوو، وەک ڕێزگرتن لەو نەریتەی لە ڤاتیکاندا هەیە بەوەی خانمان دەبێت بەو شێوەیە لەو شوێنە پـیرۆزەی کرستیانە کاثۆلیکەکان ئامادەبن.

سەرۆک ترامپ بەر لە سەردانەکەی بۆ ڤاتیکان سەردانی ئیسرائیل و بێت لەحەم و عەرەبستانی سعودیـیەی کرد.

هێربەرت ڕیمۆند ماکمەستەر ڕاوێژکاری کۆشکی سپی بۆ ئاسایشی نشتیمانی لەم بارەیەوە گوتی" ئەمە سەردانێـکی مێژوویی‌یە. پـێشتر هیچ سەرۆکێک نەیکردووە کە لە یەک گەشتیدا بۆ دەرەوەی وڵات سەردانی ناوەندەکانی ئاینی کرستیان و جو و موسڵمان بکات."

گوتیشی سەرۆک ترامپ دەیەوێت تێڕوانینی گەلانی هەموو ئاینەکان یەکبخات لە بەرامبەر ئاشتی و گەشەپـێدان لە جیهاندا.

XS
SM
MD
LG