سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەسەڵاتی دایە سوپا بۆ دیاریکردنی ژمارەی سەربازانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا ئەمەش دوای ئەو ڕەخنانە دێت کە دەوترا کۆشکی سپی دەسەڵاتی بەسەر هەموو بڕیارە بچووک و گەورەکانی شەڕەکاندا هەیە و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بەدیاریکراوی نەزانن چەند سەربازی ئەمەریکا هەیە لە سوریا و عێراق.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دڵنیایی دایەوە لەم بڕیارە و وتی هەتاکوو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک نەکراوە لە ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکادا.
هەروەها دڵنیاییشی لەوە دایەوە ستراتیژییەکەی ئەمەریکا لە سوریا و عێراق هێشتا لەسەر ئەوە ماوە کە یارمەتی هێزە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتانە بدات لەدژی داعش کە ئەمەش وای کردووە پێویست بە هێزی وشکانی ئەمەریکا نەکات لە سوریا و عێراق.
سەرۆک ترامپ پێی باشترە ئەو دەسەڵاتی بڕیاردان لە ناو شەڕەکاندا بداتە دەست سەرکردە سەربازییەکانی و لەوانەشە لە داهاتوودا هێزەکانیان زیاتر بکەن.
سەرچاوە / ڕۆیتەرز