Accessibility links

سەرۆک ترامپ بڕیارێکی نوێ بۆ قەدەغەی گەشتکردن بۆ ئەمەریکا واژوودەکات

  • VOA News

دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا بڕیارێکی نوێی واژووکرد بۆ قەدەغەی گەشتکردنی هاوڵاتیانی 6 وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

بڕیارە نوێـیەکە کە ئەمڕۆ دووشەممە دەرچوو عێراقی تیایدا نیـیە، بەڵام هەر شەش وڵاتەکەی دیکەی نێو بڕیارەکەی 27 ی مانگی یەکی تێدایە، ئەوانیش (سوریا، ئێران، لیبیا، سودان، یەمەن، سۆماڵ).

بەپـێی بڕیارەکە بۆ ماوەی 3 مانگ هاوڵاتیانی ئەو شەش وڵاتە ناتوانن گەشت بۆ ئەمەریکا بکەن. هەروەها هەموو پەنابەرێکیش هەتا 4 مانگ بۆیان نیـیە بێنە ناو وڵاتەکەوە.

بڕیارەکە لە 16 ی مانگی سێـیەوە دەچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە ڤیزایان وەرگرتووە یان مۆڵەتی مانەوەی هەمیشەیـیان هەیە، ئەوەی بە (گرین کارت) ناسراوە.

کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش بۆ ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوە و جێف سێشنز وەزیری ئاسایشی نیشتمانی سازکرا هەتا باس لە وردەکاریـیەکانی بڕیارەکە بکەن.

تیلەرسن گوتی وەزارەتەکەی لە ڕێگەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی لە جیهاندا بڕیارەکە جێبەجێ دەکات.

سەبارەت بە دەرهێنانی عێراق لە لیستەکە، تیلەرسن گوتی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا پـیاداچوونەوەیەکیان بۆ چۆنیەتی پـێدانی ڤیزا کردووە. گوتیشی عێراق هاوپەیمانێکی گرنگە لە شەڕی دژی داعش.

جێف سێشنز وەزیری داد لای خۆیەوە گوتی ئەو شەش وڵاتەی بۆ ماویەکی کاتی قەدغەی گەشتکردن بۆ ئەمەریکایان خستوونەتە سەر هاوڵاتیانیان، سیانیان داڵدەی تێررۆ دەدەن و سیانەکەی دیکەیان ناتوانن وەک پـێویست مامەڵە لەگەڵ کێشەی تێرۆردا بکەن.

هاوکات کاربەدەستانی باڵا لە وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی گوتویانە ڕەنگە ئەو ماوەی 90 ڕۆژە درێژبکرێتەوە و تەنانەت شیانی هەیە وڵاتانی دیکەش بخرێنە نێو لیستەکەوە.

عێراق لای خۆیەوە لەسەر زاری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە لە نێو لیستەکەدا نەماوە.

ئەحمەد جەمال لە بەیانـنامەیەکدا نووسیویەتی وەزارەتی دەرەوە خۆشحاڵی خۆی بەو بڕیارەی سەرۆکی ئەمەریکا دەردەبڕێت کە عێراقیـیەکانی لەو قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ ئەمەریکا دەرهێنا. هەروەها نووسیویەتی ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەیەکی ڕاستدابۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانێتی ستراتیژی لە نێوان بەغدا و واشنتن.

XS
SM
MD
LG