Accessibility links

کۆشکی سپی: بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر باجی سەرۆک ترامپ کارێکی نایاسایی یە


کۆشکی سپی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت سەرۆک دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2005 دا زیاتر لە 150 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە و 38 ملیۆن دۆلاری باجی بۆ ئەو داهاتە داوە بە دەوڵەت، وە ڕەخنەش لە ڕاپۆرتێکی تەلەفیزیۆنی دەگرێت کە ئەم داهات و باجەی ئاشکراکردووە و بە کارێکی نایاسایی لە قەڵەمی دا.

بەیاننامەکە شەوی سێشەممە بڵاوکرایەوە پێش ئەوەی ڕاپۆرتەکە لە لایەن ڕیچڵ ماددۆ پێشکەشکار لە کەناڵی تەلەفیزیۆنی MSNBC ئاشکرا بکرێت. ناوبراو گوتی دوو لاپەڕەی فۆرمی باجی ساڵی 2005 ی سەرۆک ترامپی لە ڕێگەی دەیڤد کەی جۆنستن نووسەر و شیکەرەوەی کاروباری باج و براوەی خەڵاتی پولیتزەر دەستکەوتووە.

جۆنستن بە ماددۆی وتووە لە سندوقی پۆستەکەی ئەم دوو لاپەڕەیەی دۆزیوەتەوە. وتویەتی نازانێت کێ بۆی ناردووە و بۆچی.

ماددۆ وتی کۆپییەکی فۆرمەکەی بۆ کۆشکی سپی ناردبوو تا لێدوانی لەسەر بدەن. بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ بەیاننامەکەیان بڵاوکردەوە پێش ئەوەی بەرنامەکەی ماددۆ شەوی سێشەممە پەخش بکرێت.

لە بەیاننامەکە نووسراوە" ئێوە دەزانن زۆر پێویستان بە زیادکردنی ڕێژەی بینەرانە لە ڕێگەی پێشێلکردنی یاسا و دروستکردنی چێرۆکێک لە دوو لاپەڕەی فۆرمی باج کە زیاتر لە دە ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە."

هەروەها نووسراوە" بەڕێز ترامپ بەر لەوەی بە سەرۆک هەڵببژێردرێت یەکێک بووە لە هەرە کاردارە سەرکەوتووەکان لە جیهاندا. بە تەواوی کارێکی نایاسایی یە فۆرمی باجەکەی بدزرێت و بڵاوبکرێتەوە. دەتوانن میدیا چەواشەکارەکان بەردەوامبن لەم کارەیان، بەڵام سەرۆک سەنگی دەخاتە سەر خۆی."

کۆشکی سپی نەیوت ئایە سەرۆک ترامپ نیازی هەیە لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەی هیچ فۆرمێکی تری داهات و باجی خۆی ئاشکرا بکات یان نا.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG