Accessibility links

ڕووسیا ڕەتیدەکاتەوە زانیاری خراپی لەسەر دۆناڵد ترەمپ کۆکردبێتەوە

  • VOA News

ڕووسیا ڕەتیکردەوە زانیاری خراپی لەسەر ژیانی تایبەتی و دارایی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی داهاتوو ئەمەریکا کۆکردبێتەوە، دەڵێت ئەو ڕاپـۆرتانەی لەم بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە دورن لە ڕاستیـیەوە و ئامانجیان تێـکدانی پەیوەندیـیەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتنە.

دیمتری پـێسکۆڤ گوتەبێژی کرملێن ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، ڕووسیا هیچ زانیاری خراپی لەسەر دۆناڵد ترەمپ کۆنەکردووەتەوە و ئەوەی بڵاوکراوەتەوە گوایە ڕووسیا زانیاری لەسەر ترەمپ کۆکردووەتەوە تەنها قسەی هەڵبەستراون.

هەروەها ڕەتیکردەوە زانیاریشیان کۆکردبێتەوە لەسەر هێلەری کلنتن کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە 2016 .

بەپـێی چەند میدیایەکی ئەمەریکا، کاربەدەسـتانی زانیاری و هەواڵگری ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو دۆناڵد ترەمپیان ئاگادارکردووەتەوە کە ڕووسیا زانیاری خراپی لەسەر ژیانی تایبەتی خۆی و کارە دارایـیەکانی کۆکردووەتەوە.

کەناڵی CNN دەڵێت ئەو زانیاریـیانەی ڕووسیا لەسەر دۆناڵد ترەمپ هەیەتی لە ڕاپـۆرتێـکی 35 لاپەڕەیـیدا ئاشکراکراوە و جگە لە ژیانی تایبەتی و دارایی، زانیاریشی تیادایە لەسەر بوونی پەیوەندی لە نێوان ڕووسیا و تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ. بەڵام تەواوی ئەو میدیایانە دەڵێن ناتوانن مەسەلەی ئەم ڕاپـۆرتە پشـتڕاستبکەنەوە.

دۆناڵد ترەمپ لای خۆیەوە شەوی سێشەممە لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە بە توندی ڕاپـۆرتی میدیاکانی لەم بارەیەوە ڕەتکردەوە و نووسیویەتی زانیاری هەڵبەستراون و تەنها هەڵمەتێـکی سیاسیـیە لە دژی ئەنجام دەدرێت. گوتیشی هیچی لەگەڵ ڕووسیا نیـیە تاوەکو بیانەوێت کاریگەریان بەسەریدا هەبێت.

پاشان ڕەخنەی لە دەزگاکانی زانیاری و هەواڵگری وڵاتەکەی گرت و نووسیویەتی نابێت ئەو دەزگایانە ڕێگە بدەن ئەم هەواڵە هەڵبەستراوە بۆ خەڵکی دزەبکات. لە کۆتایی تویتەرەکەی نووسیویەتی ئایا ئێمە لە ئەڵمانیای نازیدا دەژین؟.

XS
SM
MD
LG