Accessibility links

دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی کاندیدکردنی بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا پەسەندکرد


دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی ڕەزامەندی خۆی دەربڕی لەسەر کاندیدکردنی لە لایەن کۆماریـیەکانەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بەمەش دەبێتە ڕکابەری کاندیدی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی ئەمەریکادا.

شەوی پـێنجشەممە لە وتارەکەی بۆ کۆنگرەی کۆماریـیەکان لە شاری کلیڤلاندی ویلایەتی ئۆهایۆ، دۆناڵد ترەمپی ملیاردێر گوتی " هاوڕێـیان، نوێنەران و لایەنگرانی ئەمەریکایی، بە ئەوپەڕی سوپاس و دڵفراوانیـیەوە پەسەندی دەکەم کە منتان دەسـتنیشانکردووە بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا."

پاشان ئاماژەی کرد بۆ ئەو پشـتیوانیـیە زۆرەی لە میانەی هەڵبژاردنە بەرایـیەکاندا لێی‌کراوە و گوتی کێ بڕوای دەکرد نزیکەی 14 ملیۆن دەنگ بهێنن کە ئەمەش یەکەم جارە لە مێژووی کۆماریـیەکاندا کاندیدێـک لە قۆناغی هەڵبژاردنی بەرایـیدا هێندە دەنگ بەرێتەوە. باسی لەوەش کرد بەراورد بە هەشت ساڵ لەمەوبەر ئێستا پارتی کۆماری بە ڕێژەی 60% زیاتر پـشتیوانی لێدەکرێت لە بەرامبەردا پارتی دیموکرات کە بە ڕێژەی 20% کەمتر پشـتیوانی دابەزیوە.

هەروەها ترەمپ لەو وتارەی کە 75 خولەکی خایاند، باسی لە کۆمەڵێـک بابەتی ناوخۆیی و دەرەکی کرد و هەڵوێستی خۆی لەسەریان دەربڕی. گوتی" پـێکەوە پارتەکەمان بەرەو کۆشـکی سـپی دەبەینەوە و وڵاتەکەمان بەرەو خۆشگوزەرانی و ئاشتی دەبەینەوە و وڵاتێـکی بەخشندە و سنگ‌فراوان دەبین، بەڵام لە هەمان کاتدا وڵاتێـکی یاسا و ڕێساش دەبین."

جەختی لەوە کرد کاردەکات بۆ چەسپاندنی دەسەڵات و گەڕاندنەوەی ئارامی، پاش ئەوەی حاڵەتەکانی کوشتن ڕوویان لە زیادبوون کردووە.

پاشان ترەمپ بەشێـکی وتارەکەی بۆ هێرشکردنە سەر دیموکراتەکان تەرخانکرد و گوتی سەرۆک ئۆباما بەرپـرسە لەو دووبەرەکیـیە نەژادی و ڕەگەزیـیانەی لە وڵاتەکەدا دروسـتبوون. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە نزیکەی 58% ی گەنجانی پـێست ڕەشی ئەمەریکایی لە ئێستادا بێ‌کارن و نزیکەی 2 ملیۆن لاتینی دووچاری هەژاری بوونەتەوە لە ژێر سایەی بەڕێوەبەرایەتی ئێستای ئەمەریکادا.

هەروەها ڕەخنەی لە هێلەری کلنتن گرت کە چاوەڕوان‌دەکرێت بـبێتە کاندیدی دیموکراتەکان و گوتی کاتێـک هێلەری کلنتن وەزارەتی دەرەوەی گرتە دەست داعش لەسەر نەخشە نەبوو و لیبیا هاوکاربوو و میسر ئارام بوو و توندوتیژی لە عێراق کەمبووبۆوە و ئێران بە سزاکان گەمارۆدرابوو. گوتیشی خانم کلنتن بەرپـرسە لەو هەڵانەی لە میانەی هێرشی سەر کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە شاری بنغازی لیبیا کرا.

باسیشی لە پـلانی خۆی بۆ ڕووبەڕووبووونەوەی تێرۆر کرد و گوتی بە دانانی ڕێوشوێنی پـێویست بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی ئەمەریکا دەسـتپـێدەکات هەر لە نێو ماڵەکانەوە هەتا دەگاتە سنوورەکانی وڵاتەکە.

پاشان گوتی دەبێت ئەمەریکا داعش لەناوببات، ئەمەش لە ڕێگەی هەبوونی باشترین یەکەیەکی هەواڵگری لە جیهاندا و هەروەها وازهێنان بهێنرێت لە سیاسەتی بنیادنانی وڵاتان و گۆڕینی ڕژێمەکان کە بە گوتەی خۆی هێلەری کلنتن بۆ عێراق و سوریا و لیبیا و میسری پەیڕەوی کردبوو.

لە بەشێـکی وتارەکەی ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی لەگەڵ ئێرانی بە خراپـترین ڕێـکەوتن لە مێژوودا دانا و گوتی ڕێکەوتنێـکە 150 ملیار دۆلاری بە ئێران دا و هیچ دەستکەوتێـکی بۆ ئەمەریکایـیەکان نـیـیە.

XS
SM
MD
LG