Accessibility links

دۆناڵد ترەمپ ڕەخنەی توند لە سیستەمی تەندروستی بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما دەگرێت


کاندیدی کۆماریـیەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕەخنەی توندی لە سیستەمی خزمەتگوزاری تەندروسـتی وڵاتەکەی گرت، ئەوەی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆباماوە دانراوە و بە "ئۆباما کێر" ناسراوە.

دۆناڵد ترەمپ دوێنێ سێشەممە بۆ کۆمەڵێـک لە کارمەندانی لە یانەیەکی گۆڵفی خۆی لە شاری دۆراڵی نزیک میامی پایتەختی ویلایەتی فلۆریدا وتارێـکی پـێشکەشکرد و گوتی ڕاست نیـیە ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما دەیڵێت نرخی پـێدانی بیمەی تەندروستی ئۆباما کێر بە ڕێژەی 25 % لە ساڵی داهاتوو زیادەکات، بەڵکو ڕاستیەکەی ئەوەیە 60 و 70 و 80 % زیاتردەبێت. گوتیشی دەبێت ئەم سیستەمە هەڵبوەشێتەوە و سیستەمێـکی نوێی هەرزانتر لە شوێنی دابنرێت.

لەم هەفتەیە بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما ڕایگەیاند لە ساڵی 2017 وە گۆڕانکاری بەسەر بیمەی تەندروستی ئۆباما کێر دێت و بە ڕێژەی 22 % نرخەکەی زیادەکات.

ترەمپ هەروەها لە وتارەکەیدا هەوڵی ڕاکێشانی دەنگدەرە لاتینیەکانی دا و گوتی لەو هەزار کارمەندەی لەوێ کاری بۆ دەکەن 80% یان ئیسپانی زمانن.

لە ماوەی کەمتر لەم دوو هەفتەیەی ماوە بەر لە بەڕێوەچوونی پـرۆسەی دەنگدانی گشتی، دۆناڵد ترەمپ هەوڵ دەدات بە هەموو شێوەیەک جەماوەرێتی خۆی زیادبکات لە کاتێـکدا ڕاوەرگرتنە گشـتیـیەکان نیشانی دەدەن هێلەری کلنتن ڕکابەرە دیموکراتەکەی لە پێشەوەیە.

XS
SM
MD
LG