Accessibility links

دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ دەبێتە 45 هەمین سەرۆکی ئەمەریکا


دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ هەینی لە دەرەوەی بینای کۆنگرێس و لە بەردەم سەدان هەزار کەس سوێندی سەرۆکایەتی دەخوات، تاوەکو شوێنی براک ئۆباما بگرێتەوە و بـبێە 45 هەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

ترەمپ پاش ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەی شەوی ڕابردوویان لە بلێر هاوسی میوانخانەی سەرۆکایەتی بەسەربرد، ئەم بەیانیـیە لەگەڵ مڵانیای هاوسەری دەچنە کۆشـکی سـپی و لەوێ لە لایەن براک ئۆباما و میشێـلی هاوسەری پـێشوازیـیان لێدەکرێت، ئەمەش بەر لەوەی پـێکەوە بەرەو بینای کۆنگرێس بڕۆن بۆ مەراسیمی دەستاودەسـتکردنی دەسەڵات.

مەزەندەدەکرێت 800 بۆ 900 هەزار کەس لە لایەنگر و نەیارانی ترەمپ ئامادەی مەراسیمەکە بن و لە جادە و باخەکانی بەرامبەر دیوی ڕۆژئاوای بینای کۆنگرێس گردببنەوە.

لەگەڵ براک ئۆباما، سێ سەرۆکی پـێشووی وڵاتەکە، جۆرج بوش، بێڵ کلنتن، جێمی کارتەر، ئامادەی مەراسیمەکە دەبن، بەڵام سەرۆک بوشی باوک بەهۆی خراپی باری تەندروستی لەوێ ئامادە نابێت.

بەر لەوەی نیوەڕۆی ڕۆژەکە بێت، دۆناڵد ترەمپ وەکو هەموو سەرۆکەکانی پـێشوو سوێندی سەرۆکایەتی دەخوات. لە بەرنامەدایە ترەمپ لە بەردەم دوو کتێبی ئنجیل سوێندەکەی بخوات، یەکێـکیان ئەوەی دایکی لە ساڵی 1955 بە دیاری داویەتی و ئەوی دیکەیان ئەوەی ئبراهام لینکن کە چوار ساڵ لەمەوبەر سەرۆک ئۆباما سوێندی لەسەر خوارد.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی نوێ لە پاش سوێندخواردنەکەی وتارێـک پـێشکەش دەکات و چاوەڕوان‌دەکرێت بەڵێنەکەی دووباربکاتەوە بەوەی ئەمەریکا مەزنتربکات.

لە ئێستادا دەیان هەزاران کەس شەپـۆل شەپـۆل بە ئاڕاستەی بینای کۆنگرێس دەڕۆن و لە جادەکانی ناوچەکە گردەبنەوە.

موعتەبەر شیروانی لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا کە ئامادەی مەارسیمەکەیە، بەیانی زوو چەند وێنەیەکی بۆ ماڵپەڕەکە ناردووە.

XS
SM
MD
LG