Accessibility links

میدیاکان: دۆناڵد ترەمپ سێ کەسی بۆ سێ پـۆستی گرنگ دەستنیشانکردووە

  • VOA News

بەپـێی هەواڵەکان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا جەنەڕاڵ مایک فڵنی دەستنیشانکردووە بۆ گرتنە دەستی پـۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، کاتێـک لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو دەستبەکاردەبێت.

هەروەها جێف سەشنز سیناتۆری کۆماری بۆ پـۆستی وەزیری داد پـێشنیارکردووە لەگەڵ مایک پـۆمپـیۆ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ سەرۆکی دەزگای زانیاری CIA . بۆ ئەم دوو پـۆستە و ژمارەیەک پـۆستی دیکەی حکومەت دەبێت ئەنجومەنی سینات کەسە پـێشنیارکراوەکان پەسەندبکات.

بەپـێی ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز ئەندامێـکی تیمی پـێکهێنانی حکومەتەکەی دۆناڵد ترەمپ کە نەیوستووە ناوی ئاشکرابکرێت، گوتویەتی هەرسێ کەسایەتیـیەکە بەو پـۆستانەی بۆیان دیاریکراوە قایل بوون و هەر ئەمڕۆ هەینی هەواڵەکە بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت.

بەڵام شان سپایسەر گوتەبێژی کۆمیتەی نیشتمانی کۆماریـیەکان کە بەشداری لە پـرۆسەی پـێـکهێنانی حکومەتەکە دەکات بە کەناڵی CNN ی گوت هەتا دۆناڵد ترەمپ خۆی ڕاینەگەیەنێت نازانرێت.

جەنەڕاڵ مایک فڵن تەمەن 58 سـاڵ ئەفسەرێـکی خانەنشینی لەشکری ئەمەریکایە و یەکێـکە لە ڕاوێژکارە نزیکەکانی ترەمپ و لە ساڵی 2012 هەتا 2014 سەرۆکی دەزگای هەواڵگری لەشکری ئەمەریکا بووە.

سیناتۆر جێف سەشنز تەمەن 70 سـاڵ، لەوەتای ساڵی 1997 وە ئەندامی ئەنجومەنی سیناتە و یەکێکە لەوانەی بە توندی پشـتیوانی لە پـلانەکەی دۆناڵد ترەمپ دەکات بۆ دروسـتکردنی دیوارێـک لەسەر سنووری مەکسیک. لەگەڵ ئەوەشدایە کە هەر کۆچبەرێـک بەڵگەنامەی فەرمی پێ نەبێت نابێت ڕەگەزنامەی ئەمەریکایی بدرێتێ.

مایک پـۆمپـیۆ تەمەن 52 ساڵ، لە 2011 وە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانە. ئەکادیمیای لەشکری وێست پـۆینتی تەواوکردووە و لە 1986 هەتا 1991 ئەفسەر بووە. پاشان یاسای لە زانکۆی هارڤەرد خوێندووە و بە داویدا بووە بە پارێزەر هەتا بە کۆنگرێس گەیشتووە. لە کۆنگرێس لە نێو کۆمیتەکانی هەواڵگری و وزە و بازرگانی سەر بە ئەنجومەنی نوێنەران کاری کردووە. هەروەها لە نێو ئەو کۆمیتەیشدا بوو کە لێکۆڵینەوەی کرد لەسەر هێرشەکەی ساڵی 2012 ی سەر کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە شاری بنغازی لیبیا.

بەوەش ناسراوە زۆر لە دژی ڕژێمی ئێرانە و بە توندی ڕەخنەی هەیە لە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە. لە تویتەرەکەی نووسیویەتی چاوەڕێی ئەو ڕۆژەم کە ڕێکەوتنە کارەساتەکە هەڵبوەشێتەوە لەگەڵ گەورەترین وڵاتی داڵدەی تێرۆرزم لە جیهاندا.

XS
SM
MD
LG