Accessibility links

لە چەندان شاری ئەمەریکا خۆپـیشاندانی ناڕەزایی لە دژی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ سـازدەکرێت

  • VOA News

هەزاران کەس لە شارە جیاجیاکانی ئەمەریکا خۆپـیشاندانی ناڕەزایـیان سازکرد لە دژی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ وەک 45 هەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

یەک لە خۆپـیشاندانەکان شەوی چوارشەممە لە بەردەم بینا بەرزەکەی دۆناڵد ترەمپ لە جادەی فیفث ئەڤینیوی شاری نیویۆرک بەڕێوەچوو. خۆپـیشاندەران ترەمپیان بە کەسێـکی ڕەگەزپەرست ناودێرکرد و بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد ترەمپ سەرۆکی ئێمە نیـیە.

لە واشنتنی پایتەخت خۆپیشاندەران لە بەردەم هوتێلە نوێـیەکەی ترەمپ لە جادەی پەنسلڤانیا ئەڤینیو گردبوونەوە و ئەوانیش بە دەنگی بەرز دروشمیان لە دژی ترەمپ دەگوتەوە و دەیانگوت پەنابەران بۆ ئێرە بەخێربێن.

هەروەها خۆپـیشاندانی دیکەی ناڕەزایی سازکران لە فلادلفیای ویلایەتی پەنسلڤانیا، میامی ویلایەتی فلۆریدا، بۆستنی ویلایەتی ماسەچوستس، شیکاگۆی ویلایەتی ئیلینۆی، منیاپۆڵسی ویلایەتی مینیسۆتا، ئۆماهای ویلایەتی نبراسکا، هەردوو شاری لۆس ئەنجلس، سان فرانسیسکۆی ویلایەتی کالیفۆرنیا، پـۆرتلاندی ویلایەتی ئۆریگن، سیاتڵی ویلایەتی واشنتن.

تەنانەت لە ویلایەتی تەکساس کە زۆربەی زۆری کۆماریـیە خۆپـیشاندانی دژی ترەمپ لە هەردوو شاری ئۆستن و داڵەس سـازکران.

لە هەندێـک لەو شارانە توندوتیژی ڕوویان دا و پـۆلیس بەرەو ڕووی خۆپـیشاندەران وەسـتایەوە و ژمارەیەک دەسـتگیرکران.

بەپـێی ئەنجامەکان هێلەری کلنتن زیاتر لە 200 هەزار دەنگی لە دۆناڵد ترەمپ زیاتر بەدەسـتهێناوە، بەڵام سیستەمی دەنگی ویلایەتەکان وەهای کردووە دۆناڵد ترەمپ پـشـتیوانی 279 دەنگی ئەنجومەنی دەنگدان بەدەسـتبهێنێت و سەرکەوتن بۆخۆی تۆماربکات. هێلەری کلنتن تەنها 228 دەنگی ئەنجومەنی بەدەسـتهێناوە.

XS
SM
MD
LG