Accessibility links

خۆپـیشاندانی ناڕه‌زایی له‌ دژی دۆناڵد تره‌مپ بۆ ڕۆژی دووه‌م به‌رده‌وامه‌


دەیان هەزار کەس ئەمڕۆ پـێنجشەممە و بۆ ڕۆژی دووەم ڕژانە سەر جادەکانی شارەکانی ئەمەریکا هەر لە نیویۆرکەوە هەتا سانفرانسیسکۆی ویلایه‌تی کالیفۆرنیاوه‌، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر هه‌ڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ وه‌ک 45 هەمین سەرۆکی وڵاتەکە.

زۆربه‌ی خۆپـیشانده‌ران ئه‌فریکایـیه‌ ئه‌مه‌ریکایـیه‌کانن له‌گه‌ڵ خوێندکاری ئیسپانی زمان. گه‌نجێـک له‌ شاری سان فرانسیسکۆ به‌ چاوی پـڕ له‌ فرمێسکه‌وه‌ به‌ CNN ی گوت "کۆچبه‌ران له‌ ئه‌مه‌ریکا هەوڵ و کۆشەشی خۆیان ده‌ده‌ن تاوه‌کو سه‌رکه‌وتووبن، بۆیه‌ ئه‌و قسانه‌ی له‌ هه‌ڵمه‌تی تره‌مپـدا ده‌کران گوایه‌ کۆچبه‌ران سه‌رچاوه‌ی زۆرێـک له‌ کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیـیه‌کانن شتێـکی ناڕه‌وایه‌."

خۆپـیشانده‌ران ده‌یانگوت ئه‌و شێوازه‌ی له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی تره‌مپ قسه‌ی پـێده‌کرا له‌ باره‌ی کۆچبه‌رانه‌وه‌ ترساندونی. هه‌روه‌ها دۆناڵد تره‌مپیان تاوانبارده‌کرد به‌وه‌ی که‌سێـکی ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌ و ڕق و کینه‌ی به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی بیانی هه‌یه‌.

ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ خۆپـیشانده‌ران له‌ به‌رده‌م بینا به‌رزه‌که‌ی تره‌مپ له‌ شاری نیویۆرک دروشمیان له‌ دژی تره‌مپ ده‌گوته‌وه‌، یه‌ک له‌ خۆپـیشانده‌ره‌کان‌ له‌یدی گاگا ئه‌ستێره‌ی گه‌وره‌ی پـۆپ بوو.

دانیشتوویه‌کی نیویۆرک گوتی مه‌ترسی هه‌یه‌ تره‌مپ ڕێنمایی توند بۆ‌ شاره‌کانی ئه‌مه‌ریکا ده‌ربکات و پـۆلیس زیاتر کێچه‌ڵ به‌ خه‌ڵکی ڕه‌ش پـێست بکه‌ن.

له‌ شاری سان فرانسیسکۆی ویلایه‌تی کالیفۆرنیا ئه‌مڕۆ پـێنجشه‌ممه‌ سه‌دان خوێندکار پـۆله‌کانی خۆیان جێهێشت و ڕژانه‌ سه‌ر جاده‌کان بۆ سازکردنی خۆپـیشاندانی ناڕه‌زایی دژی تره‌مپ.

میونگ لی سه‌رپه‌رشتیاری خوێندنگه‌کانی شاره‌که‌ گوتی"‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م خۆپـیشاندانانه‌ له‌ لایه‌ن خوێندنگه‌کانه‌وه‌ ڕێک‌نه‌خراون، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ دڵمانه‌وه‌ پشـتیوانی له‌ خوێندکاره‌کان ده‌که‌ین. "

XS
SM
MD
LG