Accessibility links

سەرۆک ترامپ: لەگەڵ هاوپەیمانانمان کاردەکەین بۆ نەهێشتنی داعش لەسەر ڕووی زەوی


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت داعش بریتیە لە تۆڕێـکی کەسانی دڕندە کە موسڵمان و کرستیان و خەڵکانی هەموو ئاین و بیروباوڕێـک بە ژن پـیاوەوە سەردەبڕن.

سەرۆک ترامپ شەوی سێشەممە لە یەکەم وتاری لە بەردەم هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سیناتی کۆنگرێس ئەم تێڕوانینەی لە بارەی داعشەوە خستە ڕوو و گوتی" بۆیە وەزارەتی بەرگریم ڕاسپاردووە پـلان دابنێت بۆ لەناوبردنی داعش و لەگەڵ هاوپەیمانان بە دۆستەکانی نێو جیهانی ئیسلامیشەوە کاردەکەین بۆ لەناوبردن نەهێشتنی ئەم دوژمنە بەدکارە لەسەر ڕووی زەوی."

هەروەها گوتی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی ڕێوشوێنی پـێوست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی وڵاتەکە لە تێرۆری ئیسلامی توندڕەو. باسی لەوە کرد بەپـێی ئامارەکانی وەزارەتی داد لەوەتای هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەری ساڵی 2001 وە زۆربەی زۆری ئەوانەی تۆمەتبارن بە تێرۆر و تاوانەکانی پەیوەست بە تێرۆر لە دەرەوە بۆ ئەمەریکا هاتوون.

پاشان گوتی هێرشە تێرۆرستیـیەکانی سەر نیویۆرک و پەنتاگۆن و بۆستن و سان بێرناردینۆ و هەروەها ئەوانەی سەر فەڕەنسا و بەلجیکا و ئەڵمانیا و لە هەموو جیهان، بەهۆی کەم تەرخەمی لە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە بوون.

سەرۆک ترامپ گوتیشی ئەوەی ڕێگەی پـێدەدرێت بێتە ناو ئەمەریکاوە دەبێت پشـتیوانی لە ئەمەریکا بکات و خەڵکەکەی و بەهاکانی خۆشبووێت. جەختی لەوە کرد نابێت ڕێگە بدرێت کەسی تێرۆرست بێتە ناو ئەمەریکاوە و وڵاتەکە ببێتە پەناگەیەک بۆ توندڕەوان. گوتیشی بۆیە بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی کاردەکات بۆ باشترکردنی ڕێوشوێنەکانی لێپرسینەوە و لێکۆڵین و بەم زووانە هەنگاوی نوێ دەنرێت بە ئاڕاستەی پاراستی سەلامەتی وڵاتەکە و دورخستنەوەی ئەوانەی دەیانەوێت زیان بە ئەمەریکا و ئەمەریکایـیەکان بگەیەنن.

هەروەها گوتی بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی سزای نوێی سەپاندووە بەسەر ئەو دەزگا و کەسانەی یارمەتی دەدەن لە پەرەپـێدانی بەرنامەی موشەکی بالیستی ئێران. دووپاتیشی کردەوە هاوپەیمانێتی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل هەمیشەیی‌یە و هەرگیز تێکناچێت.

سەبارەت بە ناتۆ، سەرۆک ترامپ گوتی پشتیوانی لەو هاوپەیمانێتیـیە دەکات و بێزانینی هەیە بۆ ئەو پەیوەندیـیە پـتەوانەی ئەمەریکا لەگەڵ هاوبەشەکانی هەیەتی لە میانەی شەڕەکاندا، بەڵام گوتی دەبێت ئەو هاوبەشانەش وابەستەی ئەرکەکانیان بن. داواشی لە ناتۆ و هاوبەشەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا کرد ڕۆڵی خۆیان ببینن لە ئۆپەراسیۆنە لەشکری و ستراتیژیـیەکاندا.

سەرۆکی ئەمەریکا بەشێـکی زۆری وتارەکەی بۆ بابەتەکانی ناوخۆی وڵات تەرخان کرد، لەوانە مەسەلەی کۆچبەرانی نایاسایی و پاراستنی سنوورەکانی ئەمەریکا و بەرنامەی بیمەی تەندروستی ئەوەی براک ئۆباما سەرۆکی پێشوو پەسەندی کردبوو.

سەرۆک ترامپ ڕەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتیـیەکانی پێشوو گرت و گوتی لەو کاتەی ئەمەریکا پارێزگاری لە سنووری وڵاتانی دیکە دەکرد، سنوورەکانی ئەمەریکا واڵابوون. گوتی دەبێت ئەمەریکا بەرژەوەندی خەڵکەکەی بخاتە پـێش هەموو شتێـکی دیکە تاوەکو سەرلەنوێ ببێتەوە بە وڵاتێکی مەزن.

دەقی وتارەکەی سەرۆک ترامپ

XS
SM
MD
LG