Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە میانەی سەردانەکەی بۆ تورکیا لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن کۆنابێتەوە


کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان لە میانەی سەردانە یەک ڕۆژیەکەی بۆ ئەنقەرە لەم هەفتەیە چاوی ناکەوێت بە هیچ کام لە ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا وە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا سەنگی دەخەنە سەر شەڕی سوریا.

بڕیارە سەردانەکە ڕۆژی پێنجشەممە ئەنجام بدرێت، لەم کاتە سیاسییە هەستیارەی تورکیا کە خۆی بۆ ڕیفراندۆمی 16 ی مانگی چوار ئامادە دەکات بە مەبەستی هەموارکردنی دەستوری وڵاتەکە بە شێوەیەک دەسەڵاتەکانی سەرۆکی وڵات زیاتر بکرێت.

کاربەدەستێکی گەورە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی ڕێکس تیلەرسن لەگەڵ ئەردۆغان و وەزیرە تورکەکانی پەیوەست بە شەڕی داعش لە سوریا کۆدەبێتەوە.

کاربەدەستەکە کە لە وەزارەتی دەرەوە بە تەلەفون بۆ کۆنفرانسێکی پەیامنێران لێدوانی دەدا ئاماژەی بۆ دۆخە سیاسیە هەستیارەکەی پێش ڕیفراندۆمەکە کرد و وتی" بێگومان بە تەواوی شتێکە درکی پێدەکەین و جەنابی وەزیر لە میانەی سەردانەکەی ڕەچاوی دەکات."

کاربەدەستانی ئەمەریکا پێشبینی دەکەن ئەرۆدغان و کاربەدەستانی تری تورکیا پرسی فەتحوڵا گولەن بهێننە پێش کە پیاوێکی ئاینی تورکیایە و لە ئەمەریکا نیشتەجێیە و ئەنقەرە بە هەوڵی کودەتاکەی مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو تاوانباری دەکات.

کاربەدەستان دەشڵێن هەروەها لە وتووێژەکان لەگەڵ ئەنقەرە سەنگی دەخرێتە سەر هەڵمەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بۆ ڕزگارکردنی ڕەققە لە داعش و بەدیهێنانی ئارامی لە ناوچەکانی لە داعش پاک دەکرێنەوە هەتا خەڵکی ئاوارە و پەنابەر بگەڕێنەوە.

پرسی پاڵپشتی ئەمەریکا لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە تورکیا بە بەشێک لە پارتی کرێکارانی کوردستانیان دادەنێت، خاڵی ناکۆکی هەرە گەورەیە لە نێوان ئەمەریکا و تورکیا.

بەڵام ئەمەریکا وای دەبینێت شەڕڤانانی کورد لە پاڵ شەڕڤانانی عەرەب لە نێو هاوپەیمانێتی سوریای دیموکرات کە پاڵپشتیان دەکات ڕۆڵێکی سەرەکییان دەبێت لە ڕزگارکردنی شاری ڕەققە.

کاربەدەستێکی تر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی"ئێمە درک بە مەترسییەکانی تورکیا دەکەین و ئەم پرسە هەمیشە جێی مشتومڕ دەمێنێتەوە."

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG