Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکی تورکیا کۆدەبێتەوە

  • VOA News

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە سەردانێک لە ئەنکەرەیە بە مەبەستی وتووێژکردن لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای تورکیا لە بارەی شەڕی داعش لە سوریا و عێراق و هەروەها ڕۆڵی تورکیا لە سەقامگیری ناوچەکە.

ڕێکس تیلەرسن ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە کۆشکی سەرۆکایەتی تورکیا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بۆ ماوەی زیاتر لە 2 کاژمێر کۆبووەوە.

سەرۆکایەتی تورکیا بەیانـنامەیەکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی سەبارەت بە نەهێشتنی ڕێکخراوە تێرۆرستیەکان لە سوریا و عێراق وتووێژیان کردووە و لە سەروو هەموویانەوە داعش.

لە بەشێکی دیکەی وتووێژەکەیان باسیان لە مەسەلەی فەتحوڵڵا گولەن کردووە، ئەوەی تورکیا تاوانباری دەکات بە نەخشەداڕێژەری هەوڵی کودەتا لەشکریەکەی مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو. ناوبراو لە ویلایەتی پەنسلڤانیای ئەمەریکا نیشتەجێـیە و کاربەدەستانی ئەنکەرە داوە لە واشنتن دەکات ڕادەستیان بکات، بەڵام هەتا ئێستا دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا ڕەتیانکردووەتەوە و دەڵێن تەنها دەسەڵاتی دادوەری ئەمەریکا دەتوانێت ئەو بڕیارە بدات.

هەروەها بەپـێی سەرۆکایەتی تورکیا ئەردۆغان داوای لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کردووە سنوورێک دابنرێت بۆ چالاکیـیەکانی ڕێکخراوی فەتحوڵڵا گولەن لە ئەمەریکا.

تیلەرسن بەر لەو کۆبوونەوەیە لەگەڵ بن عەلی یەڵدرم سەرۆک وەزیر کۆبووەتەوە و ئەویش داوایکردووە ئەمەریکا هەنگاو بنێت بۆ ڕادەسـتکردنی گولەن بە تورکیا.

XS
SM
MD
LG