Accessibility links

دادگایەکی ئەمەریکا کەسێـک حوکمی زیندانی نزیکەی 7 سـاڵ دەدات بە تاوانی هەوڵدان بۆ بوون بە داعش


دادگایەکی ئەمەریکا حوکمی زیندانی نزیکەی 7 سـاڵی بەسەر کەسێـکدا داوە کە هەوڵی دابوو بەرەو سوریا بڕوات و پەیوەندی بە داعشەوە بکات.

دادگایەکی شاری ئۆستن لە تەکساس ڕۆژی هەینی بڕیاری دا مایکڵ ۆڵفی تەمەن 24 سـاڵ بۆ ماوەی 82 مانگ زیندانی بکرێت پاش ئەوەی بە بەڵگەی تەواو لەسەری دەسـتگیرکرابوو.

بەپـێی پـۆلیس مایکڵ هەوڵی دابوو ببێت بە داعش، بۆیە دەزگای لێـکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI کەسێـکی لێ نزیککردووەتەوە کە خۆی وەها بۆ نیشـان داوە دەتوانێت کارئاسانی بۆ ئەم مەبەستە بۆ بکات. کەسەکەی FBI پـێی گوتووە سەرەتا بەرەو تورکیا دەڕۆیت و لەوێوە بەرەو سوریا بۆ لای داعش.

بەڵام مایکڵ بەر لەوەی سواری فڕۆکەیەک بێت بەرەو تورکیا لە فڕۆکەخانەی بوشی نێودەوڵەتی لە شاری هۆستن لە تەکساس دەسـتگیرکرا. ناوبراو دانی بە تاوانەکەشیدا ناوە.

XS
SM
MD
LG