Accessibility links

تاڵی هێڵفۆنت: هانده‌ری دیموکراسی له‌ ڕاپه‌ڕینه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ ئه‌مه‌ریکا گرنگه‌

  • Shayan Pasha

تاڵی هێڵفۆنت: هانده‌ری دیموکراسی له‌ ڕاپه‌ڕینه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ ئه‌مه‌ریکا گرنگه‌

تاڵی هێڵفۆنت: هانده‌ری دیموکراسی له‌ ڕاپه‌ڕینه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ ئه‌مه‌ریکا گرنگه‌

له‌وه‌ته‌ی ڕاپه‌ڕینه‌کان له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی سه‌ره‌تا له‌ تونسه‌وه‌ ده‌سـتیپـێـکرد و هه‌تا میسری گرته‌وه‌ و به‌ره‌به‌ره‌ به‌ره‌و وڵاتانی تر ته‌شه‌نه‌ی کردووه‌، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بووه‌ته‌ به‌ره‌ی سه‌ره‌کی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا.

شاره‌زایانی سیاسی به‌ تایبه‌تی که‌ له‌ بواری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست کارده‌که‌ن پـێـیان‌وایه‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا زۆر باش له‌ سیاسه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تێنه‌گه‌یشـتووه‌، له‌و ده‌مه‌ی که‌ پـێده‌چێت ئه‌و ڕه‌وشه‌ ناسه‌قامگیره‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تا ماوه‌یه‌ک به‌رده‌وامبێت، تێـگه‌یشتن له‌وه‌ی چۆنێتی جیهانی ئیسلامی کاروباری سیاسیـان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن بووه‌ته‌ جه‌ختی سه‌ره‌کی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌ به‌ تایبه‌تی له‌مه‌ڕ جیاوازی که‌لتوری و سیاسی له‌ نێوان وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که‌ دروستبووه‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی مێژوویی ئه‌و خێڵ و ئاین و سیاسه‌ته‌ جیاوازانه‌ی که‌ ناوچه‌که‌ی گرتبووه‌وه‌.

تاڵی هێڵفۆنت توێژه‌ری سیاسی له‌ ئنسـتتیوتی لێـکۆڵینه‌وه‌کانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ و شـاره‌زا له‌ بواری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پـێـیوایه‌ ئه‌و هانده‌ره‌ دیموکراسیـیه‌ی له‌ پـشـت ئه‌و ڕاپه‌ڕینانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌ زۆر گرنگه‌ که‌ له‌گه‌ڵ ئایدیۆلۆژیای سیاسی ئه‌مه‌ریکا بگونجێت و به‌و پـێـیه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریکا زیاتر پارێزراو ده‌بێت له‌ ئنسـتتیوته‌ دیموکراسـیه‌کان که‌ له‌و وڵاتانه‌ له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ پـێـکده‌هێنرێن.

به‌ڵام ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شـدا ڕێـگا سه‌خت ده‌بێت سه‌باره‌ت به‌وه‌ی تا چ ڕاده‌یه‌ک ئه‌مه‌ریکا ده‌ستی وه‌رده‌دات له‌ هێنانه‌ دی گۆڕانکاری دیموکراسی له‌و وڵاتانه‌دا. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ریکاش ژماره‌یه‌ک به‌رژه‌وه‌ندی له‌و وڵاتانه‌ هه‌یه‌ که‌ ڕه‌نگه‌ دووچاری مه‌ترسی ببێته‌وه‌ وه‌ک که‌شـتیـیه‌کانی جه‌نگی هێزی ده‌ریایی له‌ به‌حره‌ین و به‌رژه‌وه‌ندیـیه‌کانی نه‌وتیش له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌.

یه‌مه‌ن یه‌کێـکه‌ له‌و وڵاتانه‌ی که‌ شه‌پـۆلی ڕاپه‌ڕینه‌کانی وڵاتانی عه‌ره‌بی گرتوویه‌تیه‌وه‌. سه‌رۆک عه‌لی عه‌بدوڵڵا سـاڵح به‌ هاوپه‌یمانێـکی نزیکی ئه‌مه‌ریکا له‌ شه‌ڕی دژ‌ تیرۆر داده‌نرێت، به‌ڵام ئێسـتاکه‌ ده‌فه‌ی حوکمڕانی له‌ ته‌رازوودایه‌.

هێڵفۆنت پـێیوایه‌ عه‌لی عه‌بدوڵڵا سـاڵح ته‌نها ڕێگه‌ نابێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆرسـتان و پـشـتیوانکردنی شه‌ڕی تیرۆر، واته‌ ده‌کرێت ڕێبه‌رانی تر که‌ شـوێنی ده‌گرنه‌وه‌ هه‌وره‌ها هاوپه‌یمانی نزیکی ئه‌مه‌ریکا بن و ئه‌و هه‌ڵوێسـته‌یان هه‌بێت. گوتی سـروشتی ئه‌و ڕاپه‌ڕینانه‌ له‌ وڵاتێـکه‌وه‌ بۆ وڵاتێـکی تر جیاواز بووه‌.

تاڵی هێڵفۆنت پـێیوایه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕاپه‌ڕینه‌کانی تونس و میسر سروشتێـکی دور له‌ توندوتیژی به‌خۆوه‌ گرتبوو که‌ ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌دا به‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ گۆڕانکاریـیانه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ هه‌ر شوێنێـکی تر، واته‌ وڵاتانی تر به‌ خێرایی ڕووبدات.

گۆڕانکاری دیموکراسی به‌ڕێوه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و پـێیوایه‌ ئاڕاسته‌ی ئه‌و ڕاپه‌ڕینانه‌ گۆڕا له‌ ئه‌مڕۆدا به‌ تایبه‌تی ئه‌و ڕه‌وشه‌ی له‌ میسر خولقاوه‌ که‌ له‌شـکر هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر خۆپـیشـانده‌رانی ئاشـتیخواز.

بۆ نمونه‌ش ڕێبه‌ری لیبیا موعه‌ممه‌ر قه‌زافی به‌ شێوه‌یه‌کی دڕندانه‌ په‌لاماری خه‌ڵـکه‌که‌ی خۆی ده‌داته‌وه‌ که‌ داوای له‌کارخسـتنی ده‌که‌ن. هه‌ر بۆیه‌ وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا هاتۆته‌ پـێشه‌وه‌ بۆ به‌هاناچوونی خۆپـیشـانده‌ران له‌ لیبیا و پاراسـتنیان له‌ده‌ست ڕه‌فتاری نامرۆیانه‌ی ئه‌لقه‌زافی. له‌م کاته‌دا مه‌سه‌له‌یه‌که‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریکاوه‌ نیـیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆر له‌ شیکه‌ره‌وان ئه‌و بۆچوونه‌یان هه‌یه‌، چونکه‌ به‌شی زۆری نه‌وتی ئه‌مه‌ریکا له‌ عه‌ره‌بسـتانی سـعودیـیه‌وه‌ دابین ده‌کرێت و نه‌ک له‌ لیبیاوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ده‌سـتێوه‌ردانی ئێرانیش له‌ کاروباری ناوخۆی ئه‌و وڵاتانه‌ که‌ ڕاپه‌ڕینه‌کانی ئه‌م دوایـیانه‌ ته‌شه‌نه‌ی بۆ کردوون، هێڵفۆنت ده‌ڵێت به‌ڵـگه‌ی زۆر به‌ده‌سـته‌وه‌یه‌ که‌ ئێران چه‌ک و پاره‌ی ڕه‌وانه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌کات و ده‌یه‌وێت کاریگه‌ری له‌و شوێنانه‌ به‌هێزتربێت به‌ تایبه‌تی ئاماژه‌ی زۆر له‌ ئارادان که‌ پـشـتیوانی دارایی شیعه‌کانی عێراق ده‌کات، هه‌ر بۆیه‌ پـێده‌چێت هه‌مان کار له‌ به‌حره‌ینیش بکات.

تاڵی هێڵفۆنت توێژه‌‌ری سیاسی له‌ ئنسـتتیوتی لێـکۆڵینه‌وه‌کانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا و شـاره‌زا له‌ بواری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گه‌شبینه‌ له‌وه‌ی سیاسه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌کرێت ئاڕاسته‌یه‌کی دیموکراسی وه‌ربگرێت، به‌ڵام نه‌ک به‌ هه‌مان شێوه‌ی دیموکراسیـه‌تی خۆرئاوا، چونکه‌ ئه‌وه‌ هێشـتا ڕێـگه‌یه‌کی دور و درێژه‌ که‌ پـێویســتی به‌ هه‌وڵی زیاتر و کاتی زیاتریش هه‌یه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG