Accessibility links

هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ماوەی چەند کاژمێرێک هێرشەکانیان لە نزیک بەنداوی فورات ڕادەگرن


هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایانگەیاند ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دەوروبەری بەنداوی فورات لە باکوری شارۆچکەی تەبقە بۆ چەند کاژمێرێک ڕادەگرن، ئەمەش لە پێناو پاراستنی بەنداوەکە.

فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنی غەزەبی فورات ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا گوتی لە پەرۆشیان بۆ سەلامەتی بەنداوی فورات و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پـێویست بۆ ئەم مەبەستە و لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی بەنداوەکان، بڕیاریان داوە ئەمڕۆ دووشەممە ئۆپەراسیۆنەکان لە دەوروبەری بەنداوی فورات ڕابگرن بۆ ماوەی 4 کاژمێر لە کاژمێر یەکی پاش نیوەڕۆوە هەتا 5 ی ئێوارە، ئەمەش تاوەکو تیمی ئەندازیاری بتوانن بچنە ناو بەنداوەکە و بە کارەکانی خۆیان هەستن.

پـێشتر داعش ڕایگەیاندبوو بەهۆی بۆردومانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا زیان بەر بەنداوی فورات گەیشتووە و مەترسی هەرەسهێنانی هەیە و لافاو شاری ڕەققە بگرێتەوە، بەمەش خەڵکی شارەکە دووچاری ترس و دڵە ڕاوکێ بوون و ژمارەیەکی زۆریان بەرەو بەرزاییەکانی دەوروبەری شارەکە ڕۆیشتن.

بەڵام هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی ئەو ئیدیعایانەی داعشی ڕەتکردەوە و گوتی زیان بەر بەنداوەکە نەکەوتوون و چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا نیشانی دەدەن بەنداوەکە سەلامەتە.

لە لایەکی دیکەوە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باشوری شاری تەبقە بە تەواوی فڕۆکەخانەی تەبقەیان کۆنترۆڵکرد و گەیشتنە گوندی ئەلعەجەل کە نزیکەی 3 کیلۆمەتر لە باشوری فڕۆکەخانەکەوە دورە.

XS
SM
MD
LG