Accessibility links

کۆمەڵەی سوریا: بڕیارە دانیشتوانی چوار شارۆچکەی سوریا ڕابگوێزرێن


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ و سەرچاوەیەکی سەر بە حکومەت دەڵێن بڕیارە دەستبکرێت بە ڕاگواستنی دانیشتوانی شیعەی دوو شارۆچکەی گەمارۆدراو لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە لە بەرامبەر ڕاگواستنی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووننە و خێزانەکانیان لە دوو شارۆچکەی لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە گەمارۆدراون.

کۆمەڵەکە دەڵێت حکومەت و ئۆپـۆزسیۆن بە یارمەتی ئێران و قەتەر بەم ڕێکەوتنە گەیشتوون کە لە ماوەی 60 ڕۆژدا دانیشتوانی هەردوو شارۆچکەی ئەلفۆعە و کەفرەیای زۆرینە شیعە لە پارێزگای ئیدلیب ڕابگوێزرێن بەرەو ناوچەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی حکومەت و هاوکات دانیشتوان و چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن لە هەردوو شارۆچکەی زەبەدانی و مەزایا لە باکوری ڕۆژئاوای دیمەشق بەرەو ناوچەکانی دیکەی ئۆپـۆزسیۆن ڕەوانەبکرێن.

باس لەوەش دەکات ڕێکەوتنەکە بێزاریەکی زۆری لە نێو خەڵکدا دروستکردووە بەوەی گۆڕینێکی دیموگرافییانەیە لە وڵاتەکەدا دەکرێت لەسەر بنچینەی ئاینزایی. ئاماژە بۆ ئەوە دەکات بەشێـکی زۆری دانیشتوانی ئەم چوار شارۆچکەیە پـێشتر هیچ زانیاریـیەکیان لەم بارەیەوە نەبووە.

هەروەها کۆمەڵەکە دەڵێت لە چوارچێوەی ئەو ڕێکەوتنە بڕیارە بۆ ماوەی 9 مانگ ئاگربەست لەو ناوچانە ڕابگەیەندرێت و بوار بدرێت کۆمەکی مرۆیـیان بۆ ڕەوانەبکرێن. پاشان لە قۆناغی دووەمی ڕێکەوتنەکە 1500 کەسی دەستگیرکراو لە لایەن حکومەتەوە ئازادبکرێن کە بە تۆمەتی بەشداری لە ڕاپەڕینی دژی حکومەت دەسـتگیرکرابوون. لەگەڵ ئەوانەش چەکدارانی سەر بە نوسرە لە کەمپی یەرموکی نزیک دیمەشق بەرەو ناوچەکانی دیکەی ژێر دەستی ئۆپـۆزسیۆن ڕەوانەبکرێن.

لە لایەکی دیکە سەرچاوەیەکی سەر بە حکومەت هەواڵەکەی پشـتڕاستکردەوە و بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت بڕیارە ڕێکەوتنەکە لە 4 ی مانگی چوارەوە بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و 16 هەزار کەس فۆعە و کەفرەیا چۆڵ بکەن لە بەرامبەر ڕاگواستنی هەموو چەکدرانی ئۆپـۆزسیۆن و خێزانەکانیان لە زەبەدانی و مەزایا.

XS
SM
MD
LG