Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: سەدان پـیاوی حەلەب کە بەرەو ناوچەکانی حکومەت ڕۆیشتوون بێ سەروشوێنن


ڕۆبەرت کۆل‌ڤیل گوتەبێژی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان
ڕۆبەرت کۆل‌ڤیل گوتەبێژی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت سەدان پـیاو بێ سەروشوێن بوون کاتێـک ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەبی ژێر دەسـتی ئۆپـۆزسیۆنیان جێهێشتووە و بەرەو ناوچەکانی حکومەت ڕۆیشتوون.

ڕۆبەرت کۆل‌ڤیل گوتەبێژی ئۆفیسەکە ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێـکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی کۆمەڵێـک زانیاریـیان پـێگەیشتووە باس لەوە دەکەن سەدان پـیاو کاتێـک بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت ڕۆیشتوون هیچ هەواڵێـکیان نیـیە و بێ سەروشوێن بوون.

گوتیشی زۆر نیگەرانن لەم بارەیەوە بەهۆی ئەو ڕابردووەی حکومەتی سوریا هەیەتی لە دەسـتگیرکردن و ئەشکەنجەدان و بێ سەروشوێنکردنی خەڵکی.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد مەزەندەدەکرێت نزیکەی 100 هەزار کەس هێشتا لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب ماونەتەوە کە هەتا دێت و بەهۆی هێرشی هێزەکانی ڕژێم ئەو ناوچەیە بچوکتر دەبێتەوە. هەروەها گوتی ڕاپـۆرت هەن باس لەوە دەکەن چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن ڕێگە بە هەندێـک خەڵکی سیڤیل نادەن بەرەو ناوچە ئارامەکان بڕۆن کە ئەمەش بۆخۆی بە تاوانی جەنگ دادەنرێت.

XS
SM
MD
LG