Accessibility links

ئۆپـۆزسیۆنی سوریا پـێشنیاری خۆی بۆ چارەسەری سیاسی لە وڵاتەکەی ڕادەگەیەنێت


ئۆپـۆزسیۆنی سوریا پـێشنیاری خۆی بۆ چارەسەری سیاسی لە وڵاتەکەی خستووەتە ڕوو کە لە سێ قۆناغ پـێکهاتووە و دەڵێت هەر ڕێکەوتنێـکی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا لەگەڵ ئەم پـێشنیارەیان یەک نەگرێتەوە، ئەوا ڕەتی دەکەنەوە.

ڕیاز حیجاب بەرپـرسی باڵای دەسـتەی وتووێژکاری ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ئەمڕۆ چوارشەممە لە لەندەن پـلانەکەی ڕاگەیاند و گوتی قۆناغی یەکەم بۆ ماوەی 6 مانگ دانوسـتاندن بکرێن لەسەر بنەمای بەیانـنامەی جنێڤ و هەردوولا وابەستەی ئاگربەستێـکی کاتی بن و گەمارۆی سەر هەموو ناوچەکان کۆتایی‌یان پـێبهێنرێت و ئاوارە و پەنابەران بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنـنەوە.

قۆناغی دووەم، ئاگربەستێـکی گشتگیر و هەمیشەیی ڕابگەیەندرێت و قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵات دەسـتپـێبکات و لە ماوەی 18 مانگدا دەسـتەی حوکمڕانی قۆناغی گواستنەوە پـێـکبهێنرێت بەبێ ئەوەی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا و دەست‌وپـێوەندەکەی تیایدا بەشداربن. جەختی لەوەش کرد کە دەبێت ئەو دەسـتەی حوکمڕانیـیە دەسەڵاتی جێبەجێـکاری تەواوی هەبێت.

قۆناغی سێـیەم ، کۆتایی هێنان بە قۆناغی گواستنەوە دەبێت و ڕادەسـتکردنی دەسەڵات بکرێت لە ڕێگەی هەڵبژاردنێـکی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی و خۆجێـی لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

جێی ئاماژەیە دەستەی وتووێژکاری ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە لایەن عەرەبسـتانی سعودی و وڵاتانی ڕۆژئاواوە پشـتیوانی دەکرێت.

XS
SM
MD
LG