Accessibility links

هەلیکۆپـتەرێکی لەشکری ڕووسیا لە سوریا دەخرێتە خوارێ


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت هەلیکۆپتەرێـکی لە جۆری Mi-8 ی بۆ گواستنەوەی لەشکری لە ناوچەیەکی پارێزگای ئیدلیبی سوریا بە چەکی دژە فڕۆکە خراوەتە خوارێ و هەموو ئەندامانی تاقمی فڕۆکەکە کوژراون.

وەزارەتەکە ڕایگەیاند لەو کاتەی هەلیکۆپتەرەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری حەلەبەوە بەرەو بنکەی ئاسمانی حمیمیم لە پارێزگای لازقیە بەڕێکەوتبوو پـێکرا. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هەلیکۆپتەرەکە یارمەتی مرۆیی بۆ ئەو ناوچانەی شاری حەلەب فڕێ دابووە خوارێ کە چەند هەفتەیەکە لە لایەن هێزەکانی حکومەتی سوریاوە گەمارۆدراون.

پاشان گوتی 5 کەس تیایدا گیانیان لەدەسـتداوە. سیانیان تاقمی هەلیکۆپتەرەکە بوون و دووانەکەی دیکە ئەفسەر بوون لە سەنتەری ئاشتەوایی ڕووسیا.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئەویش کەوتنی فڕۆکەکەی پشـتڕاستکردەوە و گوتی لە ناوچە گوندنشینەکانی سەراقب لە نزیک پارێزگای حەلەب خراوەتە خوارێ و یەکێـک لە تاقمی فڕۆکەکە کوژراوە و تەرمەکەی لە بەردەستی چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆنە و هێشتا چارەنووسی ئەندامانی دیکەی تاقمی فڕۆکەکە نادیارە، بۆیە هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن بەردەوامن لە پشـکنین بە ناوچەکەدا.

ئۆپـۆزسیۆن لەسەر ئنتەرنێت وێنە و ڤیدیۆی هەلێکۆپتەرەکەی بڵاوکردووەتەوە کە بە تەواوی تێـکشکاوە.

XS
SM
MD
LG