Accessibility links

ڕیاز حیجاب: ئاگربەسـتی سوریا هەرەسی هێنا


دەستەی باڵای ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بۆ دانوستاندنەکانی ئاشتی لە جنێڤ، بەشداریکردنی خۆی لە وتووێژەکان هەڵپەسارد و دەڵێت حکومەتی سوریا چەندان جار ئاگربەستەکەی پـێشـێلکردووە و بە سەدان کەسی کوشتووە.

ڕیاز حیجاب گەورەی دەسـتەکە ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە جنیڤ گوتی "هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن لەگەڵ شاندی حکومەت وتووێژ ناکەن لە کاتێـکدا خەڵکی وڵاتەکەیان لە برساندا لە ژێر بۆردومانکردن گیانیان لەدەسـت دەدەن." باسی لەوەش کرد هێزەکانی سەر بە ئەسەد ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکانیان ڕانەگرتووە و بەردەوامبوون لە گەمارۆدانی شار و شارۆچکەکان بە ئامانجی برسیکردنی دانیشتوانەکانیان. بۆیە ئاگربەستەکە هەرەسی هێنا و چیتر بوونی نیـیە.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لەوەتای لە کۆتایی مانگی دووەوە ئاگربەست ڕاگەیاندراوە، 533 کەس بە هێرشەکانی هێزەکانی حکومەت کوژراون.

گوتیشی بەشداری شاندنی ئۆپـۆزسیۆن لە دانوسـتاندنەکان بە ئامانجی گواستنەوەیەکی سیاسی ڕاستەقینە بووە لە سوریا، بەڵام حکومەت بە هەڵە لەم هەڵوێستەیان تێگەیشتووە. جەختی لەوە کردەوە کە لە سایەی مانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات چارەسەرێـکی سیاسی بەدی نایەت.

داواشی لە ستافان دی مستورا نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا کرد وەڵامی ڕوون هەبێت بۆ ئەو 17 یاداشتنامەیەی ئۆپـۆزسیۆن پـێشـکەشی کردووە، لەوانە 12 یاداشتنامەیان پەیوەندیـیان بە مسەلەکانی گەمارۆ و گەیاندنی یارمەتیـیەکان و هەروەها پـێشـێلکردنەکانی ئاگەربەستەکەیە.

لە لایەکی دیکە بەشار جەعفەری سەرۆکی شاندی حکومەت بۆ وتووێژەکان گوتی شاندی ئۆپـۆزسیۆن هەرزەکارن لە کاری سیاسی و هیچ لە بارەی دیپـلۆماسیـیەتەوە نازانن و تەنیادەڵێن دەکشێنەوە. گوتی شاندەکەی دەسەڵاتی پـێدراوە وتووێژ لە بارەی پـێـکهێنانی حکومەتێـکی فراوان بکات، نەک ئایندەی ئەسەد.

پاشان شاندەکەی ئۆپـۆزسیۆنی بە شاندی سەر بە عەرەبسـتانی سعودیـیە ناودێرکرد و گوتی ئەم شاندەی سعودیـیە سەرپەرشتی دەکات لە ژێر ڕکێفی کەسانی توندڕەوە.

XS
SM
MD
LG