نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا دەڵێت سبەی هەینی ڕایدەگەیەنێت کەی دانوسـتاندنەکانی نێوان حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دەسـتپـێدەکەنەوە.
ستافان دیمستۆرا ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە جنێڤ ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی هەر سبەینێش گروپی نێودەوڵەتی بۆ پشـتوانی سوریا "International Syria Support Group"، کۆبوونەوەیەک سـازدەکات، ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی گروپەکە دەبێت لە پاش ڕاگەیاندنی پـلانی ئاگربەست بۆ سوریا لە لایەن ڕووسیا و ئەمەریکاوە.
دیمستۆرا گوتیشی لەم دوایـیانەدا یارمەتیـیە مرۆیـیەکان بۆ چەندان ناوچەی گەمارۆدراو گەیشتوون. داوای کرد ئەم کارە بەردەوام بێت و هەموو ناوچەکان بگرێتەوە.
یان ئێگلاند یاریدەدەری دیمستۆرا لای خۆیەوە ڕایگەیاند ڕێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی WFP توانیویەتی لە ماوەی 2 هەفتەی ڕابردوو 180 ماشێنی پـڕ لە یارمەتی مرۆیی بگەیەنێتە 6 ناوچە کە مەزەندە دەکرێت 110 هەزار کەس دانیشتوانی ئەو ناوچانە بن.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە 3 ی ئەم مانگی دووە نەتەوە یەکگرتووەکان دانوسـتاندنەکانی نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی سوریای ڕاگرت کە تەنیا چەند ڕۆژێـک بوو دەسـتیانپـێکردبوو، ئەمەش بەهۆی بوونی کۆمەڵێـک کۆسپ لە بەردەم بەرەوپـێشچوونی وتووێژەکاندا، لەوانە گەمارۆی سەر ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆن. وەها دانرابوو ئەمڕۆ 25 ی مانگ جارێـکی دیکە وتووێژەکان دەسـتپـێبکەنەوە، بەڵام دواتر دیمستۆرا ڕایگەیاند کە ناکرێت لەو کاتەدا دەسـتپێـبکاتەوە.