Accessibility links

ڕووسیا پـێشـنیار دەکات وتووێژەکانی ئاشتی سوریا بۆ مانگی داهاتوو دوابخرێن


ڕووسیا پـێشنیاری کردووە وتووێژەکانی ئاشتی سوریا کە بڕیارە سبەی هەینی لە شاری ژنێڤی سویسرا دەسـتپـێبکەن بۆ 11 ی مانگی داهاتوو دوابخرێن.

میخائیل بۆگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ڕووسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ پـێـنجشەممە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی زەمینە بۆ ڕێکەوتنێـک هەیە لە نێوان سێرگێی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و جان کێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ئەم مەبەستە و ئێستا پـێشـنیارەکەیان خستووەتە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کە لە 11ی مانگی داهاتوو لە شاری میونخی ئەڵمانیا وتووێژەکان سازبکرێن لە پەراوێزی کۆنگرەی ئاسایشی میونخدا.

دەستەی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا، ئەوەی لە عەرەبسـتانی سعودیـیە پـێـکهێنراوە هێشتا بڕیاری نەداوە ئایا بەشداری لە وتووێژەکان دەکات یان نا، دەڵێت پـێویستە لە میانەی وتووێژەکاندا هێرشی سەر ناوچەکانیان ڕابگیرێن و هەروەها گەمارۆشیان لەسەر لاببرێن.

بەڵام دیمیتری پـێسکۆڤ گوتەبێژی سەرۆکایەتی ڕووسیا دەڵێت بۆ ئەوەی ئاگربەست لە سوریا بێتە دی دەبێت دەسـتنیشان بکرێت کام گروپانە ئۆپـۆزسیۆنن و کامانەش تێرۆرسـتن.

ئەمەریکاش دوێنێ چوارشەممە لە زاری مارک تونەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە داوای لە ئۆپـۆزسیۆنی سوریا کرد بەبێ هیچ مەرجێـک بەشداری لە وتووێژەکاندا بکەن و ئەم هەلە مێژوویـیە لە دەسـت خۆیان نەدەن.

لە لایەکی دیکە هەیثم مەناع هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند لیستێـکی ناویان داوە بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا و ڕووسیا تاوەکو وەکو شاندی ئۆپـۆزسیۆنی ئەنجومەنەکەیان لێی بڕوانن. گوتی لیستەکە لە 15 ناوی سەرەکی و 15 ناوی ئەڵتەرناتیڤ پـێـکهاتووە و ئێسـتا چاوەڕێی وەڵامی ستافان دیمستۆرا نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا و ئەمەریکا و ڕووسیا دەکەن.

XS
SM
MD
LG