Accessibility links

ڕێکخراوە ئیسلامیـیەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە ناوچەیەکی دیمەشق یەک دەگرن

  • VOA News

سێ ڕێکخراوی ئیسلامی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ناوەندێـکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی خۆیان لە ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی دیمەشیقی پایتەخت ڕاگەیاند، ئەمەش بە مەبەستی شەڕی هێزەکانی حکومەتی سوریا و هاوپەیمانە ڕوسیایـیەکەی.

بەپـێی بەیانـنامەیەک کە لەسەر ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکانی سەر بەو گروپانە بڵاوکراوەتەوە، بەرەی نوسرەی باڵی قاعیدە لە سوریا یەکێـکە لەو سێ ڕێکخراوەی ڕێکەوتنەکەیان مۆرکردووە. دوو ڕێکخراوەکەی دیکە ئەحرار ئەلشام و یەکێتی ئیسلامی جوندولشام.

ئەم ناوەندە لە کاتێـکدا ڕاگەیاندرا کە لەشکری ڕووسیا بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانیـیەکانی بۆ پـشـتیوانیکردن لە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا.

ڕووسیا سێ هەفتە لەمەوبەر هاتە ناو شەڕی سوریاوە و گوتی شەڕی داعش دەکات، بەڵام ئەمەریکا و گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن دەڵێن ڕووسیا بە هێرشەکانی چەکدارانی گروپەکانیان دەکاتە ئامانج بە مەبەستی پـشـتگیریکردن لە ئەسەد.

سێ گروپەکە لە بەیانـنامە هاوبەشەکەیاندا دەڵێن " شتێـکی شاراوە نیـیە کە گەلی موسڵمان بە تایبەتی لە وڵاتی شام بە شێوەیەکی دڕندانە کراونەتە ئامانج. ڕووسەکان وا بە فەرمی لێرەن و خاچ پەرستەکانیش (مەبەستی هاوپەیمانی ئەمەریکایە) ئەوانیش لە پـێشترەوە لێرە بوون."

ئەم ناوەندە کە ناوی (جوند ئەلمەلاحم) ی لێنراوە، لە ناوچەی (غوتە ئەلشەرقیە) لە ڕۆژهەڵاتی دیمەشق چالاکیـیەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن. ئەو ناوچەیە لە ژێر دەسـتی ئۆپـۆزسیۆندایە. هەروەها لە بەیانـنامەکەیاندا هاتووە " ئامانج لەمە گرێدانی هەوڵەکانیانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشە بێ بەزیـیانەی دەکرێتەسەر خاکی موسڵمانان."

پـێکهێنانی هاوپەیمانیـیەکی لەو شێوەیە نەک تەنها بۆ شەڕی ڕژێمە، بەڵکو بۆ هێرشکردنە سەر ڕووسیا و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانەکانیان لە سوریا.

بەپێی ڕاپـۆرتەکان بەرەی نوسرەیە کە گەورەترین گروپی ئەو ناوەندە و لە لایەن ئەمەریکاوە بە ڕێکخراوێـکی تێرۆرستی ناودێرکراوە، لە مێژەوە کار بۆ دامەزراندنی ئەم ناوەندەی دەکرد. بەرەی نوسرە هەوڵ دەدات پـێگەی خۆی لە نزیک دیمەشق بەهێزبکات پاش ئەوەی لە بەرامبەر هێزەکانی ڕژێم لە پارێزگای ئیدلب لە باکوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە شکستی هێنا.

بە هەر حاڵ، ژمارەیەک زۆر لە دانیشـتوانی ناوچەکە مەترسیـیان هەیە ئەم هاوپەیمانیـیە بە خراپ بەسەریاندا بشکێتەوە.

ڕۆژنامەوانێـک لە ناوچەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا تێڕوانینی خۆی ڕاگەیاند بەو مەرجەی ناوی ئاشکرا نەکرێت لە ترسی ئەوەی تووشی کێشە نەبێت، گوتی " ئەم پـێشـهاتە نوێـیە" کاریگەری خێرای بۆ سەر شەڕی بەرامبەر ڕژێم دەبێت.

گوتیشی " تەنها ئومێد ئەخوازم قەیرانی مرۆیی لێ نەکەوێتەوە، چونکە لەم جۆرە حاڵەتانە پـێشـبینی ناکرێت ڕژێم چۆن کاردانەوەی دەبێت. بەرەی نوسرە و ئەحراری شام بەلایانەوە گرنگ نیـیە کە خەڵکی چی بەسەردێت، ئەوان هەر چاویان لە بەرژەوەندی خۆیانە."

جێی وەبیرهێنانەوەیە لەوەتای مانگی شەشی سـاڵی 2014 هێزەکانی ڕژێم ناوچەی غوتە ئەلشەرقیـیەیان گەمارۆداوە و ئەمەش بووەتە مایەی کەمیـیەکی ئێکجار زۆر لە خۆراک و کاڵاکانی دیکەی خەڵکی پـێویستیان پـێـیان هەیە.

لەشکری ئیسلام، ئەویش گروپێـکی دیکەی توندڕەوە لە غوتەی شەرقی، لە لایەن بەرەی نوسرە و ئەحرای شام تاوانبارکراوە بە قۆستنەوەی ڕەوشی خراپی خەڵکی و دەسـتیان گرتووە بەسەر نرخی بازاڕ و ڕێگە بە خەڵکی نادەن لە ناوچەکە بچێتە دەرەوە.

لەشکری سوریا بە بەردەوامی هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ناوچەکە هاوکاتی ئەوەی بەرەی نوسرە و و لەشکری ئیسلام کۆنترۆڵی بەشێکی گەورەی ناوچەکەیان کردووە.

داعش ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەیەکی کورت چەند بەشێکی غوتەی شەرقی داگیرکرد، بەڵام گروپە چەکدارە خۆجێـیەکان و هێزە ئیسلامیـیەکانی دیکە لە ناوچەکە وەدەریاننان.

XS
SM
MD
LG