Accessibility links

لایەنەکانی گروپی پشـتیوانی لە سوریا لەسەر وادەیەکی نوێ بۆ دەسـتپـێکردنەوەی وتووێژەکانی ئاشتی ڕێکنەکەوتن


لایەنەکانی گروپی پشـتیوانی لە سوریا شکستیان هێنا لەوەی لەسەر وادەیەکی نوێ ڕێکبکەون بۆ دەسـتپێـکردنەوەی وتووێژەکانی ئاشتی سوریا، ئەوانەی بڕێارە بەڕێوەبچن بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی سوریا.

گروپی (ISSG) کە پـێکهاتووە لە زلهێزەکانی جیهان و دراوسێـکانی عێراق و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و ئەوروپایی و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەب نەیانتوانی لە میانەی کۆبوونەوەکانی ڕۆژی سێشەممە لە ڤیەنـنا ڕێکبکەون لەسەر ڕۆژێـک بۆ دەسـتپـێکردنەوەی وتووێژەکان. بەڵام ستافان دیمستورا نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا گوتی هێشتا خواستێـکی بەهێز هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی پـرۆسەی ئاشتی.

پـێدەچێت ئۆپـۆزسیۆن ئامادە نەبێت لەم بارودۆخەی ئێستای ناو وڵاتەکەیان وتووێژ دەسـتپـێبکەنەوە.

دەستەی باڵای ئۆپـۆزسیۆن بۆ دانوسـتاندنەکان دەڵێت هەتا باشبوونێـکی بەرچاو لەسەر زەوی بەدی نەکەن، ئەوا دەستناکەنەوە بە وتووێژکردن.

بەر لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکان لە ڤیەننا، ئەسعەد زوعبی گەورە وتووێژکاری ئۆپـۆزسیۆن لە لێدوانێـکیدا بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز گوتی" بڕوا ناکەم ئەنجامێـکی ئەوتۆی باشی لێبکەوێتەوە و ئەگەر بشبێت لەو ئاستەدا نابێت کە بە دڵی خەڵکی سوریا بێت."

پاشان گوتی " ئەگەر یارمەتیـیە مرۆیـیەکان نەگەنە هەموو کەسێک، ئەگەر گەمارۆکان لانەبرێن، ئەگەر ئاگربەسـتێـکی تەواو نەبێت، ئەوا دانوسـتاندنەکانیش نابن.

بەڵام گروپی پشـتیوانی لە سوریا کە وڵاتانی لایەنگری ئەسەدشی تێدایە، لەوانە ڕووسیا و ئێران، بەیانـنامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد و تیایدا داوایان لە هەموو لایەنەکان کرد بە تەواوی شەڕ ڕابگرن و ڕێگە بە گەیشتنی یارمەتیـیە مرۆیـیەکان بدەن. پاشان ئاگاهیـیان دا کە هەر لایەنێـک ئاگربەستەکە پـێشێل بکات، ئەوا بۆیان هەیە پارێزگاری لێنەکەن بەپـێی ڕێکەوتنـنامەی ئەو ئاگربەستەی بە سەرپەرشتی ئەمەریکا و ڕووسیا لە 27 ی مانگی دوو چووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

پاشان داوایان لە بەرنامەی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان WFP کرد لە 1 ی مانگی شەشەوە بە ڕێگەی فڕۆکەوە خۆراک و ئاو و دەرمان بۆ ناوچە گەمارۆدراوەکان هەڵبدات، ئەگەر هەرچ لایەنێـک ڕێگەی گرت لە گەیاندی یارمەتی بۆ ئەو ناوچانە.

XS
SM
MD
LG