Accessibility links

ئاژانسی UNHCR دەیەوێت نزیکەی نیو ملیۆن پەنابەری سوری نیشتەجێ بکات


ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان UNHCR داوا لە وڵاتان دەکات ماڵ بۆ نزیکەی نیو ملیۆن سوری هەرە لێقەوماو پەیدا بکرێت. ئاژانسەکە ئەم داوایە دەخاتە ڕوو لە میانەی کۆنفراسێـکی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی وەزیران کە لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت و تیایدا نوێنەرانی زیاتر لە 90 وڵات بەشداری دەکەن. لیسا شلاین لە شوێنی کۆنفرانسەکەوە ڕاپـۆرتی لەم بارەیەوە ناردووە و دەڵێت:

وڵاتانی دراوسێی سوریا کە دووچاری قەیرانی پەنابەرانی ئەم وڵاتە بوون، 4.8 ملیۆن پەنابەریان گرتووەتە خۆیان. ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت دەبێت وڵاتانی دیکەش بەشێـک لەو ئەرکە لە ئەستۆی خۆیان بگرن.

فیلیپـۆ گراندی کۆمسیاری باڵای ئاژانسی پەنابەران دەڵێت ئاژانسەکەی ئامانجێتی لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوو یەک لە دەی پەنابەرەکان کە دەکاتە نزیکەی 480 هەزار کەس، نیشتەجێ بکات. بەڵام دانی بەوەدا نا کە کارێـکی ئاسان نیـیە بە تایبەتی پاش ئەوەی وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە ئامادە نین ئەو پەنابەرانە لە خۆبگرن کە لەتاو ستەم و شەڕی ناو وڵاتەکانیان هەڵاتوون.

دەڵێت ژمارەیەکی زۆری سوری ڕوو لە ڕێی پـڕ مەترسی نێو دەریای ناوەڕاست دەکەن بە هیوای بەدەسـتهێنانی مافی پەنابەری لە ئەوروپا. پاشان باسی لە ڕێکەوتنی ئەم دوایـیەی نێوان تورکیا و ئەوروپا کرد بۆ سەرلەنوێ نیشتەجێکردنی پەنابەران و گوتی پـێناچێت ئەم ڕێکەوتنە قەیرانی پەنابەرانی سوری چارەسەر بکات.

پاشان فیلیپـۆ گراندی گوتی " دەمانەوێت بە تورکیا و یەکێتی ئەوروپا و لە ڕاستیدا کۆمەڵی نێودەوڵەتی بڵێـین کە دانانی ڕێگەی یاسایی ئەلتەرناتیڤێـکی زۆر باش دەبێت بۆ گرتنەبەری ڕێگەی پـڕ مەترسی بە تایبەتی بۆ خەڵکی لێقەوماو. بۆیە هەتا خێرابکرێت لە جێبەجێکردنی، ئەوا خەڵکێـکی زۆر سارددەکاتەوە لەوەی پەنا بۆ بەلەم ڕێگەی دیکە بەرن."

ئاژانسی UNHCR لە پاڵ نیشتەجێکردن، پـێشنیاری ڕێگەی دیکەی یاسایی دەکات تاوەکو لە کۆنفرانسەکە تاوتوێ بکرێن، لەوانە خوێندنی ئاکادیمی و ڤیزای مرۆیی و چارەسەری پـزیشکی و هەروەها ئاسانکاری و خێرایی بکرێت لە کارەکانی کۆکردنەوەی ئەندامانی خێزانەکان.

بان کی مون سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگی UNHCR بۆ داوای سەرلەنوێ نیشتەجێکردنی پەنابەرانی سوری. دەڵێت وڵاتان سوود لەو پەنابەرانە وەردەگرن کە خاوەن بەهرەن و دەتوانن شتێـکی نوێ پـێشکەش بکەن و قازانجی ئابوریان دەبێت.

بان کی مون دەڵێت " هەوڵی شێواندنی ناوبانگی ئەو خەڵکەی لەتاو شەڕ و ستەم هەڵاتوون، تەنیا هێرش و سووکایەتیکردن نیـیە، بەڵکو ئەنجامی پـێچەوانەشی دەبێت و لە ڕاستیدا ئەوانە هەڵەن. پاشان دەبێت لە ڕێساکانی چۆنێتی وەرگرتنی پەنابەران ڕێزبگرێت لە مافەکانی مرۆڤ و شکۆمەندی هەموو تاکە کەسێـک."

لەوەتای شەڕی جیهانی دووەمەوە، قەیرانی پەنابەرانی سوری گەورەترین قەیرانی پەنابەرانە. ڕێکخراوی UNHCR دەڵێت لەوەتای ساڵی 2013 وە وڵاتان ئامادەیی‌یان دەربڕیوە بۆ سەرلەنوێ نیشتەجێبکەنەوەی زیاتر لە 179 هەزار پەنابەر. دەڵێن هیوای زۆر هەن لەم کۆنفراسەی جنێڤ بەڵێنی زیاتر بدرێت. دەشڵێن ئەمە قەیرانێـکی جیهانیـیە و پـێویستی بە کاردانەوەیەکی جیهانی هەیە.

XS
SM
MD
LG