Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان ناردنی کۆمەکی مرۆیی بۆ سوریا ڕادەگرێت

  • VOA News

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند ناردنی کۆمەکی مرۆیی بۆ سوریا ڕادەگرێت، ئەمەش پاش ئەو هێرشە ئاسمانیـیەی شەوی دووشەممە کرایە سەر کاروانێـکی ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر کە یارمەتیـیان بۆ ناوچەیەکی ڕۆژئاوای حەلەب دەگواستەوە.

یەنس لارکی گوتەبێژی ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە جنێڤ گوتی لەبەر سەلامەتی بڕیاریان داوە بە پەلە ناردنی کۆمەکە مرۆیـیەکان بۆ سوریا ڕابگرن هەتا هەڵسەنگاندنێـکی نوێ بۆ ڕەوشی ئاسایشی ئەو وڵاتە دەکرێت.

گوتیشی دوێنێ ڕۆژێـکی زۆر ڕەش بوو بۆ کارمەندانی مرۆیی نەک هەر لە سوریا، بەڵکو لە تەواوی جیهاندا. جەختی لەوە کرد کە زۆر گرنگە ڕاستیـیەکان ئاشکرابن لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ.

بەپـێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆی 31 ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر کە دوێنێ دووشەممە یارمەتی مرۆیـیان بۆ شارۆچکەی ئۆرم ئەلکوبرای ڕۆژئاوای شاری حەلەب دەگواستەوە، بە لایەنی کەم 18 ئۆتۆمبیلیان بە هێرشی ئاسمانی تێکشکێنراون.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت بە لایەنی کەم 12 کەسی خۆبەخش و شۆفێرێـک بە هێرشەکە کوژراون.

لە لایەکی دیکە بۆنوا کارپـێنتەر گوتەبێژی خاچی سوور گوتی بەڕێوەبەری یەکێـک لە لقەکانیان لە سوریا لەو ڕووداوەکەدا کوژراوە لەگەڵ ژمارەیەک کەسی سیڤیل.

گوتیشی بڕیاربوو کاروانەکە خۆراک و یارمەتی دیکە بۆ نزیکەی 78 هەزار کەس بگوێزێتەوە.

XS
SM
MD
LG