Accessibility links

چالاکوانانی سوریا: بەهۆی بۆردومانی تورکیا بۆ سەر ئەلبابی ژێر دەستی داعش 45 کەسی سیڤیل کوژراون


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە ماوەی 48 کاژمێری ڕابردوو بەهۆی تۆپـباران و بۆردومانی فڕۆکەی تورکی بۆ سەر شارۆچکەی ئەلبابی ژێر دەستی داعش لە باکوری سوریا 45 کەسی سیڤیل کوژراون.

کۆمەڵەکە کە پەیوندی بە تۆڕێکی گەورەی چالاکوانان لە سوریا هەیە، ئەمڕۆ هەینی لەسەر ماڵپەڕەکەی ئەمەی ڕایگەیاند و نووسیویەتی لەو 45 کوژراوە 18 کەسیان منداڵبوون، بەمەش ژمارەی قوربانیانی سیڤیل لەو شارۆچکەیە گەیشتە 450 کەس، لەوەتای هێزەکانی تورکیا و گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سەر بە ئەنکەرە هێرشیان بۆ سەری دەسـتپـێکردووە.

هەروەها دەڵێت بەهۆی بەردەوامی تۆپباران و بۆردومانەکان خەڵکی شارۆچکەکە ناتوانن تەرمی کوژراوەکانیان بەخاکبسپێرن.

حکومەتی سوریاش لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە نامەیەکی ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایش و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و تیایدا هێرشەکانی تورکیای شەرمەزارکرد و بە تاوانی دژی خەڵکی سیڤیلی سوریا ناودێرکرد.

جێی ئاماژەیە حکومەتی سوریاش پـێشتر لە میانەی هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن لە شار و شارۆچکەکانی وڵاتەکە خەڵکی سیڤیلی کوشتووە.

لە لایەکی دیکە لەشکری تورکیا لە بەیانـنامەیەکدا ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند کەوا نزیکبووەتەوە لە کۆنترۆڵکردنی شارۆچکەی ئەلباب، بەڵام کۆمەڵەی سوریا دەڵێت هێشتا بەشێـکی گەورەی شارەکە لە ژێر دەسـتی داعشدایە.

XS
SM
MD
LG