Accessibility links

ئۆپـۆزسیۆنی سوریا: لە ماوەی دوو ڕۆژ شارۆچکەی دابق کۆنترۆڵ دەکەین


فەرماندەیەکی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا، لەوانەی تورکیا پـشتیوانیان لێ دەکات، دەڵێت هێزەکانیان بە نیازن لە ماوەی 48 کاژمێری داهاتوو شارۆچکەی دابقی ژێر دەستی داعش لە باکوری سوریا کۆنترۆڵ بکەن.

ئەحمەد عوسمان فەرماندە لە هێزی ناسراو بە لیوای سوڵتان موراد ئەمڕۆ دووشەممە تۆمارکراوێـکی دەنگی خۆی بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز نارد و تیایدا گوتویەتی ئەگەربێت و پـلانەکەیان وەک ئەوەی نەخشەیان بۆ داناوە بەڕێوەبچێت، ئەوا لە ماوەی 48 کاژمێر دابق کۆنترۆڵ دەکەن.

بەڵام باسی لەوەش کرد داعش دەوروبەری شارۆچکەکەی پـڕکردووە لە بۆمبی چێنراو، بۆیە زۆر بە خاوی پـێشـڕەوی دەکەن.

گوتیشی دوێنێ یەکشەممە لە گوندی تورکمانی نزیک دابق 15 چەکداریان کوژراون بە بۆمبی چێنراو و هێرشی خومپارە.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ دووشەممە ئاشکرای کرد داعش لە مانگی چوار و پـێـنجی ڕابردوو نزیکەی 800 چەکداری خۆی بۆ دابق ڕەوانەکردبوو تاوەکو ڕێگری بکەن لە پـێشڕەوی هێزەکانی سوریا دیموکرات، ئەوانەی کورد ڕابەرایەتیان دەکەن.

جێی ئاماژەیە دابق جگە لەوەی شوێنێـکی گرنگە کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب، هەروەها لە ڕووی ئاینیـشەوە گرنگی خۆی هەیە کە لە فەرمودەیەکی پـێغەمەبەردا ناوی هاتووە بەوەی شەڕی کۆتایی نێوان موسڵمان و کافرەکان لەوێ ڕوودەدات.

XS
SM
MD
LG