Accessibility links

لە تەقینەوەکانی هەردوو شاری جەبلە و تەرتوسی سوریا 145 کەس دەکوژرێن


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە ئاکامی 7 تەقینەوە لە هەردوو شاری جەبلە و تەرتوسی ڕۆژئاوای وڵاتەکە 145 کەس کوژراون و زیاتر لە 200 کەسی دیکە برینداربوون. داعشیش بەرپـرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکان ڕاگەیاند.

کۆمەڵەکە کە پەیوەندی بە تۆڕێـکی گەورەی چالاکوانان لە ناو سوریا هەیە، دەڵێت 4 تەقینەوەیان لە شاری جەبلە بوون، تەقینەوەی یەکەم بە ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو ئەنجامدرابوو لە شوێنی سەرەکی ڕاوەستانی پاس و تاکسی شارەکە، بە دوایدا خۆکوژێـک لە نزیک تەقینەوەی ئۆتۆمبیلەکە خۆی تەقاندووە. پاشان خۆکوژێـکی دیکە لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای شارەکە خۆی تەقاندووەتەوە. دواتر خۆکوژێـکی دیکەش لە نێو نەخۆشخانەی جەبلەی نیشـتیمانی خۆی تەقاندووەتەوە کە قوربانیانی تەقینەوەکانیان بۆ ڕەوانەکرابوو. دەشڵێن ئەم خۆکوژەیان یارمەتی دابوو لە گواستنەوەی بریندارانی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلەکە بۆ نەخۆشخانەکە و پاشان کە چووەتە ناو نەخۆشخانەکە خۆی تەقاندووەتەوە.

لە نێو قوربانیـیەکان 10 کرێکاری بەڕێوەبەرایەتی کارەبا و ژمارەیەک لە کارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانەکە هەن.

لە شاری تەرتوسیش، 3 تەقینەوە بووە، یەکەمیان ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو لە شوێنێـکی وەستانی پاس لە شارەکە تەقیوەتەوە و بە دوایدا کە خەڵکی لە شوێنی تەقینەوەکە گردبوونەتەوە، دوو خۆکوژ خۆیان تەقاندووەتەوە.

هەروەها کۆمەڵەکە باسی لەوەش کرد کە لایەنگرانی ڕژێم لە شاری تەرتوس پەلاماری ئاوارەکانیان داوە، ئەوانەی لە پارێزگاکانی دیکە وڵاتەکە ڕوویان لە شارەکەیان کردووە.

ئەو دوو شارە کە زۆربەی دانیشتوانەکانیان عەلەوین، لەوەتای شەڕی ناوخۆی سوریا هەڵگیرساوە بە دوربوون لە تەقینەوەکە و هێرشی چەکداری. شاری تەرتوس جگە لەوەی ناسراوە بەوەی بەشێـکی زۆری لەگەڵ ڕژێمدان، هەروەها بنکەیەکی هێزی دەریایی ڕووسیاشی لێـیە.

داعش لە بەیانـنامەیەکدا لەسەر ئنتەرنێت بەرپـرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە ڕاگەیاند و دەڵێت لە دژی عەلەویـیەکانە.

XS
SM
MD
LG