کاربەدەسـتێـکی یۆنان ڕۆژی دووشەممە گوتی ئەمەریکا داوای لە وڵاتەکەی کردووە ڕێگە بە ڕووسیا نەدات ئاسمانی یۆنان بەکاربهێنێت بۆ گەیاندنی کۆمەک بۆ ڕژێمی سوریا.
وەزارەتی دەرەوەی یۆنان دەڵێت حکومەتی وڵاتەکەی تاووتوێی داواکە دەکات، بەڵام ئاژانسی دەنگوباسی RIA Novosti ڕایگەیاند یۆنان داواکەی ئەمەریکای ڕەتکردووەتەوە و لە سەرچاوەیەکی دیپـلۆماسیـیەوە نووسیویەتی ڕووسیا هەتا 24 ی مانگی نۆ داوای مۆڵەتی گەشتی ئاسمانی لە یۆنان کردووە.
جێی ئاماژەیە ڕووسیا کە بنکەیەکی هێزی دەریایی لە بەندەری تەرتوسی سوریا هەیە، بەردەوام فڕۆکە بۆ شاری لازقیـیە دەنێرێت.
جان کێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە بە سێرگێ لاڤرۆڤ هاوتا ڕووسیـیەکەی گوتووە ئەگەر بێت و ئەو ڕاپـۆرتانە ڕاستبن کە دەڵێن ڕووسیا زیاتر لە ڕووی لەشکری لەو وڵاتە خۆی بەهێزدەکات، ئەوا ڕەنگە شەڕی ناو سوریا زیاتر قورسببێت و مەترسی ڕوودانی ڕووبەڕووبوونەوەش هەیە لەگەڵ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا کە لە ئێسـتادا بۆردومانی داعش لە سوریا دەکات.
خانمە گوتەبێژێـکی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لەم بارەیەوە ڕۆژی دووشەممە بە ئاژانسی ڕیا نۆڤۆستی ڕاگەیاند لاڤرۆڤ بە کێری گوتووە هێشـتا زووە باس لەوە بکرێت ڕووسیا بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی لەشکری لە سوریا دەکات یان نا.
هەروەها لاڤرۆڤ گوتویەتی ڕووسیا بەردەوام پـێداویستی لەشکری بۆ سوریا ڕەوانەکردووە و مۆسکۆ هەرگێز نەیشاردووەتەوە ئەم کارەی کردبێت بە مەبەستی شەڕی تێرۆرزم.