Accessibility links

وتووێژەکانی جنێڤی سەبارەت بە سوریا هەنگاوێـکی ئەرێنی ناوە

  • VOA News

نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا دەڵێت لە وتووێژەکانی جنێڤ تاووتوێی چەند بابەتێـکی گرنگ کراون، لەوانە پـێکهێنانی حکومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردن و نووسینەوەی دەستور و شەڕی دژە تێرۆر.

ستافان دیمستورا ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی پاش تەواوبوونی چوارەمین وتووێژەکانی جنێڤ گوتی بەرنامەکەیان بۆ ئاشتی سوریا لە چوار بەش پـێکهاتووە، یەکەم پـێکهێنانی حکومەتێـکی گشتگیر کە ئاینزایی نەبێت لە ماوەی 6 مانگ، دووەم نووسینەوەی دەسـتورێـکی نوێ بۆ سوریا لە ماوەی 6 مانگ، سێـیەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنێـکی ئازاد و پاکی بێ فرتوفێڵ لە ماوەی 8 مانگ، چوارەم گواستنەوەی سیاسی و نەهێشتنی تێرۆر و بابەتە ئاسایشیـیەکان.

گوتیشی بەنیازە لەم ڕۆژانەی داهاتوو سەردانی نیویۆرک بکات تاوەکو دوا پـێشهاتەکانی دانوستاندنەکان بخاتە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هەموو لایەنەکان ئامادەن قسە لەسەر ئەو چوار بەشانە بکەن، بۆیە نیازی هەیە لەسەر بنچینەی ئەو وتووێژانەی ئەنجامدراون خولی پـێنجەمی وتووێژەکان هەر لە ئەم مانگی سێیەدا سازبکات.

لە لایەکی دیکە نەسر ئەلحەریری سەرۆکی شاندی وتووێژکاری ئۆپـۆزسیۆن گوتی ئەوان لەسەر ڕەشنووسێـک قایلبوون کە لە 12 خاڵ پـێکهاتووە و لە لایەن دیمستوراوە خرابووە بەردەستیان لە پاش ئەم خولی وتووێژانەی هەشت ڕۆژ بەردەوامبوون.

بەشار جەعفەری سەرۆکی شاندی حکومەت شوێنی وتووێژەکانی جێهێشت بەبێ ئەوەی هیچ لێدوانێـک بدات.

XS
SM
MD
LG