Accessibility links

برێت مەکگورک: کشانەوەی هێزەکانی یەپەگە لە مەنبج هەنگاوێـکی گرنگە

  • VOA News

نوێنەری سەرۆک ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتی شەڕی داعش دەڵێت کشانەوەی هێزەکانی یەپەگە بۆ دیوی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات هەنگاوێـکی گرنگە.

برێت مەکگورک ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر تویتەرەکەی ئەمەی ڕاگەیاند و نووسیویەتی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) وا مەنبج جێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، پاش ئەوەی مەشق و ڕاهێنانی هێزە خۆجێـیەکان تەواوبوون بە مەبەستی پاراستنی ناوچەکەیان لە پاش داعش.

هەروەها نووسیویەتی هاوپەیمانێتیـیەکەیان شانازی دەکات بە ڕاهێنان و پشـتیوانیکردنی هێزە خۆجێـیەکان کە ئەمەش باشترین ڕێگەیە بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی داعش هەرگیز ناگەڕێتەوە.

پاشان دەڵێت هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دیوی ڕۆژهەڵاتی فوراتەوە بەردەوامن لە پـێشڕەویـیان بۆ دابڕینی ڕەققەی بارەگای سەرەکی داعش، ئەمەش هاوکاتی ئەوەی هێزە عێراقیـیەکان بەرەو قوڵایی گەڕەکانی شاری موسڵ شەڕدەکەن.

جێی ئاماژەیە پـێشتر ئەمڕۆ یەپەگە لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند بۆ دیوی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات دەکشێنەوە، پاش ئەوەی هێزەکانیان بە بەشداری چالاکی هاوپەیمانان یارمەتی ئەنجومەنی لەشکری مەنبجیان دا لە ڕزگاکردنی شارەکەیان و گوندەکانی دەوروبەری لە داعش و پاشان یارمەتی هێزەکانی هاوپەیمانانیان دا لە دابینکردنی دامودەزگا لەشکری و ئاسایشیـیەکان بۆ مەنبج بە شێوەیەک کە خەڵکەکەی دەتوانن لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک بەرگری لە خۆیان بکەن.

XS
SM
MD
LG