Accessibility links

جەنەڕاڵ تاونسێند: هێزە کوردیـیەکان بەشداری لە ڕزگارکردنی شاری ڕەققە دەکەن

  • VOA News

فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ شەڕی داعش دەڵێت هێزە کوردیـیەکانی سوریا کە لە سەدا 40 ی هێزەکانی سوریای دیموکرات پـێکدەهێنن بەشدار دەبن لە ڕزگارکردنی شاری ڕەققە.

جەنەڕاڵی ئەمەریکایی ستیفن تاونسێند ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کە لە بەغداوە بە ڕێگەی ڤیدیۆ قسەی بۆ پەیامنێران لە وەزارەتی بەرگری دەکرد، گوتی ئەو هێزە کوردیـیانە کە تیایاندا خەڵکی ڕەققەیە شان بە شانی هێزە عەرەبی و تورکمانەکان بەشداری لە ڕزگاکردنی شارەکە دەکەن، گوتیشی ئەوانە هەموویان خەڵکی سوریایان، بۆیە ئاسایی‌یە بەشداربن.

سەبارەت بە پـڕچەککردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ڕزگارکردنی ڕەققە، جەنەڕاڵ تاونسێند گوتی ئەو هێزانە چەکی سووکیان هەیە، بۆیە لەو بڕوایەدایە بۆ ئەو مەبەستە پـێویستیان بە چەکی زیاتر دەبێت. گوتیشی هێزەکانی عێراق بەو هەموو چەکە زۆرەی بۆیان دابینکراوە وا چوار مانگە بەردەوامن لە شەڕی داعش لە شاری موسڵ.

پاشان لە بارەی نیگەرانیـیەکانی تورکیا لە بەرامبەر هێزەکانی یەپەگە، گوتی لەگەڵ ڕێبەرانی یەپەگە قسەی کردووە و ئەوان جەختیان کردووەتەوە هیچ نیازیان نیـیە هێرش بکەنە سەر تورکیا و هیچ جێی هەڕەشە نین بۆ سەر ئەو وڵاتەی دراوسێـیان، بەڵکو دەیانەوێت پەیوەندی باشیان لەگەڵ تورکیادا هەبێت. هەروەها گوتی هیچ بەڵگەیەکی نەدیوە نیشانی بدات یەپەگە هەڕەشە بن بۆ سەر تورکیا یان پشـتیوانی بکەن لە هێرشێـک بۆ سەر تورکیا.

جەنەڕاڵ تاونسێند گوتیشی هاوپەیمانان پشـتیوانیان لە تورکیا و هاوبەشەکانی کردووە لە ڕزگارکردنی شاری ئەلباب لە داعش. باسی لەوە کرد بە 58 هێرشی ئاسمانی پاڵپشـتی هێزەکانی تورکیایان کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد لە ئێستادا تورکیا سنوورەکانی خۆی لە هەڕەشەکانی داعش پاراستووە.

XS
SM
MD
LG