هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێن لە هاوینی ئەمساڵدا هەڵمەتی ڕزگارکردنی شاری ڕەققە لە دەستی داعش دەسـتپـێدەکات و شاری تەبقە ڕادەسـتی ئەنجومەنێـکی سڤیلی دەکەن.
جیهان شێخ ئەحمەد گوتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەمڕۆ هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناوندی شاری تەبقە باسی لە قۆناغەکانی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شارەکە و بەنداوەکەی نزیکی کرد و سوپاسی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکای کرد بۆ ئەو پشتیوانیـیە زۆرەی لە ئاسمان و زەوی لە هێزەکانیانی کردبوو.
پاشان گوتی بەڕێوەبەراتی شارەکە ڕادەستی ئەنجومەنێـکی سیڤیلی شاری تەبقە دەکەن پاش ئەوەی لە پاشماوەکانی داعش و بۆمبە چێنراوەکانی پاکی دەکەنەوە. هەروەها گوتی بەنداوی فوراتیش کە دامەزراوەیەکی نیشتمانی سوریایە دەخرێتە کار بۆ خزمەتی هەموو ناوچەکانی سوریا بەبێ جیاوازی.
ڕۆژدا فەلات فەرماندە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئەویش بەشداری لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیـیەکە کرد، لە وەڵامی بۆ پـرسیارێـکی ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێس گوتی سەرەتای هاوین ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شاری ڕەققە دەسـتپـێدەکات کە بە پایتەختی داعش ناودێردەکرێت.
پاشان عەبدولقادر هەڤیدلی فەرماندە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کە ئەویش ئامادەی کۆنگرەکە بوو، گوتی بۆ ڕزگارکردنی ڕەققە پـێویستیان بە هێزی تورکیا نیـیە و ئەو هێزانەی هەیانە بەسن بۆ ڕزگارکردنی ڕەققە و دوای ڕەققەش. گوتیشی ئەگەر تورکیا دەیەوێت یارمەتیـیان بدات با کێشەکانی لە نێو وڵاتەکەیدا چارەسەر بکات.