Accessibility links

ئەمەریکا: ڕژێمی سوریا کورەی تەرم سووتاندنی لە یەکێـک لە بەندیخانەکانی دروستکردووە


کاربەدەسـتێکی ئەمەریکا دەڵێت بڕوای وایە ڕژێمی سوریا کورەی تەرم سووتاندنی لە یەکێـک لە زیندانەکانی دروستکردووە تاوەکو تەرمی ئەو هەزاران کەسەی لەوێ کوشتوویانن لەناویانبەرن و هیچ ئاسەوارێـکیان نەهێڵن.

ستیوارت جۆنز بریکاری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ دووشەممە ئەمەی بۆ ڕۆژنامەوانان ڕاگەیاند و گوتی ئەو کورەیە بەندیخانەی سەدنایای لەشکری دروستکراوە کە دەکەوێتە دوری 10 کیلۆمەتر لە باکوری دیمەشقی پایتەخت.

بەپـێی ڕاپـۆرتێـکی ئەمنستی ئنتەرناشناڵ کە لە مانگی دوو بڵاوکرایەوە، مەزەندەدەکرێت هەفتانە لە نێوان 20 بۆ 50 کەس لەو بەندیخانەیە لەسێدارەدەدرێن. دەشڵێت لەو کاتەی ڕاپەڕینی خەڵکی سوریا دەسـتیپێـکردووە هەتا ئێستا لە نێوان 5 هەزار بۆ 13 هەزار کەس مەزەندەدەکرێت لەو بەندیخانەیەدا کۆتایی بە ژیانیان هێنرابێت.

ستیوارت جۆنز گوتی لە سەرەتای ساڵی 2013 وە بینایەکی بەندیخانەکە گۆڕانکاری تێداکرا تاوەکو بۆ دانانی کورەکە بگونجێت. گوتیشی وێنەکانی سەتەلایت کە لە مانگی یەکی ساڵی 2015 گیراون نیشانی دەدەن بەفر لەسەر ئەو بینایە یەکسەر تواوەتەوە، ئەمەش نیشانەی ئەو گەرمیـیە زۆرەیە کە لەو بینایەدا دەردەچێت.

هەروەها ئاماژەی بۆ خراپی مامەڵەی نێو ئەو بەندیخانەیە کرد و گوتی ژورەکانی وەها دروستکراون ئەوپەڕی 5 کەس بگرێت، بەڵام ڕژێمی ئەسەد ژوری 70 کەسی لێ بەندکردوون.

مەزەندەدەکرێت ڕژێمی سوریا دەیان هەزار کەسی لە میانەی ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەی لە نێو زیندانەکانیدا کوشتبێت.

XS
SM
MD
LG