Accessibility links

ڕووسیا هێرشی دیکەی ئاسمانی لە سوریا ئەنجام دەدات


فڕۆکە جەنگیـیەکانی ڕووسیا بۆ جارێـکی دیکە هێرشی ئاسمانیـیان لە سوریا ئەنجامداوە و بەپـێی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئامانجیان داعش و گروپی تێرۆرستی دیکە بووە.

وەزارەتی بەرگری ڕۆژی پـێنجشەممە ڕایگەیاند فڕۆکە جەنگیـیەکانی لە هەردوو جۆری سۆخۆی 24 و 25 هێرشیان کردووەتە سەر 12 شوێنی داعش و بەشێـکیان وێرانبوون و بەشێـکیشیان زیانیان بەرکەوتووە، لەوانە بارەگایەکی فەرماندەیەتی و عەمبارێـکی چەک و تەقەمەنی لە ئیدلیب و شوێنێـکی بۆمبڕێژکردنی ئۆتۆمبیل لە باکوری حومس.

بەڵام چالاکوانان دەڵێن ئەوانەی بۆردومانکراون لەو ئۆپـۆزسیۆنانەن کە ئەمەریکا پاڵپشتیـیان دەکات.

ئیگۆر کۆناشینکۆڤ گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دانی بەوەدا نا فڕۆکەکانیان شوێنی گروپی دیکەیان لە سوریا بۆردومانکردووە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت سەرچاوەیەکی ئاسایشی حکومەتی سوریا گوتویەتی هێرشەکانی ئەمڕۆ پـێـنجشەممە شوێنەکانی لەشکری فەتحی لە جسر ئەلشەغور و جەبەل ئەلزاویە لە ناوچە گوندنشینەکانی پارێزگای ئیدلیب کردووەتە ئامانج کە بەرەی نوسرەی سەر بە قاعیدە بەشێـکی ئەو لەشکرەیە.

لە لایەکی دیکە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پـوتن ڕەتی کردەوە خەڵکی سیڤیل بەهۆی هێرشەکانی وڵاتەکەیەوە لە سوریا کوژرابن.

پـوتن لە کرێملن لە پەخشێـکی ڕاستەوخۆدا گوتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی کوژرانی خەڵکی سیڤیل بە هێرشە ئاسمانیـیەکانی ڕووسیا تەنانەت پـێش هەستانی فڕۆکەکان بووە.

XS
SM
MD
LG