Accessibility links

بەشار ئەسەد سەردانێـکی لە ناکاو بۆ ڕووسیا ئەنجام دەدات


سەرۆکی سوریا گەڕاوەتەوە بۆ دیمەشق پاش ئەوەی سەردانێـکی نهێنی و لە ناکاوی بۆ مۆسکۆ ئەنجام دا و تیایدا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا کۆبووەوە.
بەشار ئەسەد دوێنێ سێشەممە بۆ یەکەم جار لە پاش هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆی سوریا لە سـاڵی 2011 چووە دەرەوەی وڵاتەکەی و گەیشتە ڕووسیا و لەوێ لەگەڵ ڤلادیمیر پـوتن کۆبووەوە.

گوتەبێژێـکی سەرۆکایەتی سوریا ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند پـوتن شەوی سێشەممە لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەسەد گوتویەتی ڕووسیا بەنیازە لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتیـیەکان وتووێژ بکات بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا، هاوکاتی بەردەوامبوونی لە شەڕی دژە تێرۆر لە وڵاتە.

هەروەها سەرۆکایەتی سوریاش لە فەیسبوکەکەی نووسیویەتی بەشار ئەسەد سێ کۆبوونەوەی جودای لەگەڵ پـوتن سـازکردووە، یەکەمیان بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری دەرەوە و بەرگری ڕووسیا و پاشان کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی نێوانیان لە پشـت دەرگای داخراوەوە و دواتر ئێوارخوانێـک بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی ڕووسیا و هەردوو وەزیری دەرەوە و بەرگری.

دیمتری بسکۆڤ گوتەبێژی کرملین لە بارەی کۆبوونەوەکانەوە گوتی پـوتن و ئەسەد تاوتووێی بابەتەکانی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکانی ڕووسیا لە سوریایان کردووە لەگەڵ چۆنێتی شەڕی گروپە تێرۆرستیـیەکان.

پاشان بسکۆڤ گوتی ئەسەد سوپاسی پـوتنی کردووە و پـێی ڕاگەیاندووە ئەگەر ڕووسیا بڕیاری بەشداریـکردنی لە شەڕی دژە تێرۆر لە سوریا نەدایە، ئەوا تێرۆر بە ناوچەی زیاتردا بڵاودەبووەوە. دواتر هیوای خواستووە مۆسکۆ و دیمەشق لە بنیادنانەوەی سوریا لە ڕووی ئابوری و سیاسی بەردەوامبن.

XS
SM
MD
LG