Accessibility links

هێزەکانی سوریای دیموکرات جادەی سەرەکی نێوان ڕەققە و دێر ئەلزور دەبڕن


هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێن ڕێگای سەرەکی نێوان هەردوو شاری ڕەققە و دێر ئەلزوریان کۆنترۆڵکردووە و نزیکبوونەتەوە لەوەی شاری ڕەققە بە تەواوی گەمارۆ بدەن.

دڵبرین کۆبانی فەرماندە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنانەوانیدا گوتی ئەو ڕێگا سەرەکیـیەیان بڕیوە و لە ئێستادا بەرەو هەردوو بەرزایی مەناخری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا پـێشڕەویی دەکەن. گوتیشی بە ڕزگارکردنی ئەو دوو بەرزایی‌یە شاری ڕەققە بە تەواوی گەمارۆدەدرێت.

پاشان داوای لە دانیشتوانی شاری ڕەققە کرد لە شوێنەکانی داعش دوربکەونەوە، چونکە دەکرێنە ئامانجی هێزەکانیان.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پاڵپشتی هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان ئەمڕۆ توانیویانە ڕێگای نێوان هەردوو شاری دێر ئەلزور و ڕەققە ببڕن، بەمەش هەموو جادەکانی ڕەققە بەرەو ڕووی داعش داخران و تەنها بە ڕێگەی پردی دار و بەلەم دەتوانێت لە ڕووباری فوراتەوە بپەڕێتەوە بۆ هاتووچۆکردن بۆ ناوچەکانی باشوری شارەکە.

هەروەها نووسیویەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیویانە ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنی غەزەبی فورات بەدی بهێنن کە بە سێ قۆناغ بە ئەنجامیان گەیاند.

کۆمەڵەکە لە کۆتایی نووسینەکەی داوای لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانان کرد زۆر بە وریایـیەوە هێرشی موشەکی و ئاسمانی بۆ سەر شاری ڕەققە ئەنجام بدەن تاوەکو خەڵکی سیڤیل لەو نێوەدا نەبنە قوربانی.

XS
SM
MD
LG