Accessibility links

بەرپـرسێـکی پەیەدە: ئێمە و یەپەگە بانگهێشتی دانوستاندنەکانی ئەستانە نەکراوین

  • VOA News

بەرپـرسێـکی پارتی یەکێتی دیموکراتی سوریا (پەیەدە) دەڵێت نە ئەوان وەکو ڕێکخراوێـکی سیاسی و نە یەپەگەش وەکو هێزێـکی چەکداری هەتا ئێستا بانگهێشت نەکراون بۆ بەشداریکردن لەو دانوسـتاندنانەی بڕیارە لە ئەستانەی پایتەختی کازاخستان بەڕێوەبچن.

خالید عیسا نوێنەری پەیەدە لە فەڕەنسا ڕۆژی سێشەممە بۆ ئاژانسەکانی ڕاگەیاند ئەوان و یەپەگە بانگهێشت نەکراون و پـێدەچێت لایەک ڤیتۆی لە دژی بەشداریکردنیان بەکارهێنابێت.

گوتیشی ئەوەی بەوان گوتراوە تەنها چەند گروپـێکی چەکدار نەک سیاسی بەشداردەبن. جەختی لەوەش کرد بۆ گەیشتن بە ڕێـکەوتنێـکی ئاشتی گشتگیر لە سوریا پـێویستە لە قۆناغێـکدا کورد بۆ سەر مێزی دانوسـتاندنەکان بانگهێشتبکرێت.

باسی لەوەش کرد ئەوان پـرۆژەیەکی سیاسیـیان هەیە کە بریتیـیە لە دامەزراندنی فیدراڵیەتێـکی دیموکراسیانە لە سوریا. گوتیشی ئامادەن لەم بارەیەوە لەگەڵ ڕژێمی سوریا وتووێژبکەن، بەڵام بە بوونی گەرنتیـیەکی نێودەوڵەتی.

دیپـلۆماتان و بەرپـرسانی ئۆپـۆزسیۆن دەڵێن هاوبەندی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا کە نزیکەی 6 گروپی چەکداری لە نێودایە و عەرەبسـتانی سعودیـیە پشـتیوانیان دەکات، بڕیارە لەم هەفتەیە لە ڕیاز کۆببنەوە بۆ تاووتوێکردنی بابەتی دانوسـتاندنەکانی ئەستانە، ئەوەی بڕیارە لە نێوان حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بە سەرپەرشتی ڕووسیا و تورکیا و ئێران بەڕێوەبچن.

تورکیا هەرچەندە لەگەڵ سازکردنی دانوسـتاندنەکاندایە، بەڵام بە توندی لە دژی بەشداری پەیەدە یان یەپەگەیە، دەڵێت ئەمانە بەشێـکن لە پارتی کرێکارانی کوردسـتان (پەکەکە).

سێ هەفتە لەمەوبەر ڕووسیا و تورکیا و ئێران لە مۆسکۆ پـشتیوانی خۆیان بۆ یەکپارچەیی خاکی سوریا ڕاگەیاند و ڕێکەوتن ناوبژیوانی لە نێوان حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بکەن بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێـکی سیاسی بۆ شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە.

سەرچاوەی هەواڵ: فڕانس پـرێس، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG