Accessibility links

کاربەدەسـتێـکی ئاسەواری سوریا: پـێنج سـاڵ پـێویستە بۆ چاککردنەوەی ئاسەوارەکانی تەدمور


مەئمون عەبدولکەریم بەڕێوەبەری گشتی ئاسەوار و مۆزەخانەکانی سوریا دەڵێت چاکردنەوەی ئاسەوارەکانی شاری مێژووی تەدمور، ئەوانەی بە دەسـتی داعش وێرانکراون پـێویستی بە چەندان ساڵە.

ڕۆژی دووشەممە لە لێدوانێـکیدا بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس، عەبدولکەریم گوتی ئەگەر ڕێکخراوی یونیسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان قایل بێت، ئەوا 5 سـاڵ پـێویستە بۆ چاککردنەوەی ئەو ئاسەوارانە.

باسی لەوەش کرد وڵاتەکەی شارەزا و پسپۆڕی هەیە کە دەتوانن لە ماوەی ساڵێـکدا دەستبەکارەکە بکەن. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد 80% ی ئاسەوارەکانی شارەکە زیانیان پـێ نەگەیشتووە.

شاری تەدمور کە مێژوویـیەکی 2 هەزار ساڵی هەیە، لە نێو لیستی ئاسەوارە جیهانیـیەکانی ڕێکخراوی یونیسکۆیە، بۆیە دەبێت ئەم ڕێکخراوە نێودەڵەتیـیە ڕەزامەندی بدات بەر لەوەی هەر نۆژەنکاریـیەکی تیایدا بکرێت.

ڕۆژی یەکشەممە هێزەکانی حکومەتی سوریا بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی ڕووسیا توانیان شاری تەدمور لە ژێر دەسـتی چەکدارانی داعش دەربهێنن کە لە مانگی پـێنجی سـاڵی ڕابردووەوە داگیرکرابوو.

XS
SM
MD
LG