Accessibility links

حکومه‌تی سوریا و هه‌ڵوێستی نوێی نێونه‌ته‌وه‌یی

  • Motabar Shirwani

حکومه‌تی سوریا و هه‌ڵوێستی نوێی نێونه‌ته‌وه‌یی

حکومه‌تی سوریا و هه‌ڵوێستی نوێی نێونه‌ته‌وه‌یی

هه‌ینی چالاکوانان ڕایانگه‌یاند هێزه‌کانی سوریا ته‌قه‌یان له‌ خۆنیشانده‌ران کرد و 19 که‌سیان کوشتووه‌ ، رۆژیک پاش ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا و ژماره‌یه‌ک له‌ هێزه‌کانی جیهان داوایان له‌ سه‌رۆک به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د کرد ده‌ست له‌ کار بکێشێته‌وه‌ و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانیش هۆشداری دا که‌ بۆی هه‌یه‌ ڕژێمی سوریا به‌ تاوانی دژ مرۆڤایه‌تی گوناحکار بناسرێت.

پێنجشه‌ممه‌، سه‌رۆک به‌راک ئۆباما بۆ یه‌که‌م جار له‌وه‌تای ده‌ستپێکردنی سه‌رهه‌ڵدانی سوریا گوتی کاتی ئه‌وه هاتووه به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د ده‌ست له‌ کار بکێشێته‌وه‌.‌

مایکل دۆران پسپۆره‌ له‌ بواری ئاسایشی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ ناوه‌ندی سابان بۆ ڕێبازی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ ئه‌نستیتۆی بروکینگز ده‌ڵێت مه‌به‌ست له‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌مه‌ریکا ئه‌وه‌یه‌ کێشه‌یه‌کی قووڵی دووفاقه‌یی له‌ ڕێبازی ئه‌مه‌ریکا چاره‌سه‌ر بکرێت چونکه‌ کاتی خۆی سه‌رۆک ئۆباما له‌ وتاری له‌مه‌ڕ 'به‌هاری عه‌ره‌ب' گوتی بره‌ودان به‌ دیموکراسی یه‌کێک له‌ ئاما‌نجه ‌سه‌ره‌کیـیه‌کانی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکایه‌ له‌ هه‌رێمه‌که‌.

دۆران ده‌ڵێت ئه‌مه‌ریکا چووه‌ لیبیا تا له‌وه‌ێ پێشی ڕوودانی کوشتارکاری بگرێت که‌چی له‌ سوریا له‌ پێشترێوه‌ کوشتارکاری ڕاسته‌قینه‌ ڕوویدابوو‌ و ژماره‌ی کوژراوان له‌وێ له‌ هی هه‌ر شوێنێکی تری هه‌رێمه‌که‌ زیاتره‌. دۆران ده‌شڵێت بێجگه‌ له‌وه‌ی لایه‌نی ئه‌خلاقی گوشاری بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هێنا هه‌ڵوێستی وا بنوێنێت، گرنگی ستراتێژی سوریاش خه‌راوه‌ته‌ به‌رچاو که‌ هاوپه‌یمانی ئێران له‌ ناوچه‌که‌یه‌ که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا له‌ پێشبڕکێ‌دایه‌.

پینجشه‌ممه‌، پاش ئه‌وه‌ی سه‌رۆک ئۆباما داوای ده‌ست له‌ کار کێشانه‌وه‌ی له‌ سه‌رۆک به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د کرد، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا هێله‌ری کلنتن له‌ کۆنفرانسێکی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی،" گه‌لی سوریا شایانی ئه‌وه‌یه‌ حکومه‌تێکی هه‌بێت ڕێز له‌ که‌رامه‌تی بگرێت، مافه‌کانی بپارێزیت و وڵامده‌ری داخوازیه‌کانی بێت. ئه‌لئه‌سه‌د له‌سه‌ر ڕێگه‌یان ڕاوه‌ستاوه‌."

پرسیار ئه‌وه‌یه‌ باشه‌ بۆچی هێنده‌ی پێ چوو تا ئه‌مه‌ریکا داوای ده‌ست له‌ کارکێشانه‌وه‌ی ئه‌لئه‌سه‌د بکات؟ له‌ ووڵامدا، مایکل دۆران ده‌ڵێت 3 هۆکار هه‌بوون: یه‌که‌م ئه‌زمونی لیبیایه‌ که‌ کاتی خۆی سه‌رۆک له‌ وتاری له‌ 10 و 11ی مانگی 2 داوای له‌ سه‌رۆک موباره‌ک کرد ده‌ست له‌ کار بکێشیته‌وه‌ باسی پره‌نسیپی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌مه‌ڕ دیموکراسی کرد، هه‌رچه‌نده‌‌ ئێستا ده‌رده‌که‌وێت خۆ تێوه‌ردان ده‌باری لیبیا زۆر سه‌ختر بوو له‌وه‌ی چاوه‌ڕێ ده‌کرا. و به ‌له ‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و مشتومڕه‌ گه‌رمه‌ی له‌ ئه‌مه‌ریکا سه‌باره‌ت به‌ بودجه‌ له‌ ئارادایه‌‌، خۆتێوه‌ردان له‌ باری ووڵاتێکی دی لای خه‌ڵکی ئه‌مه‌ریکا په‌سند نیـیه‌. دووهه‌م مه‌ترسی له‌ پاشه‌ ڕۆژ هه‌یه‌، باشه‌ له‌ پاش ئه‌لئه‌سه‌د چ ڕووده‌دات؟ و سێهه‌م هۆکار که‌ گرنگترینیانه‌، حکومه‌تی تورکیایه‌ که‌ خۆی به‌رهه‌ڵستی داوا بۆ گۆڕانی ڕژێم له‌ سوریا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی زۆر هیوادار بوو که‌ تورکیا بتوانێت به‌ ڕێگای گفتوگۆ ئه‌لئه‌سه‌د قانع بکات ده‌ست له‌ چاکسازی بدات که‌چی وا ده‌رچوو تورکیا ئه‌م کاریگه‌رییه‌ی نه‌بوو، ئه‌وه‌ بوو که‌ سه‌رۆک ئۆباما هیچ بژاری تری نه‌بوو.

هه‌رچه‌نده‌ بوله‌نت عه‌لی ڕه‌زا به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆژه‌ی تورکیا له‌ ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی ستراتیجی و نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌ڵێت داوا بۆ ده‌ست له‌ کار کێشانه‌وه‌ی ئه‌لئه‌سه‌د به‌ مانای کۆتایی هاتن به‌ ته‌مه‌نی ڕژێمه‌که‌ی نیـیه‌. ئه‌و ده‌ڵێت ڕژێمی به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د‌، ڕژێمی به‌عس که‌ زیاتر له‌ 40 ساڵه‌ ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ست دابووه‌ پابه‌ندی به‌رچاوی نیشانداوه‌ که به‌ هه‌ر به‌هایه‌ک بێت هه‌وڵ بۆ مانه‌وه‌ی بدات. ئه‌و ده‌ڵێت له‌ کۆتاییدا ئه‌م ڕژێمه‌ هه‌ر ده‌ڕۆخێت. دکتۆر عه‌ڵی ڕه‌زا ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی به ‌دوای ڕژێمدا دێت به‌ دڵنیایی له‌ ڕژێمیه‌که‌ی ئێستا باشتر ده‌بێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG