Accessibility links

هێزەکانی حکومەتی سوریا لە باشوری حەلەب هێرشێـکی گەورە دەکەنە سەر بەرەی نوسرە و هاوپەیمانانی


لەشکری حکومەتی سوریا و هێزە هاوپەیمانەکانی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە هێرشێـکی گەورەیان کردووەتە سەر چەکدارانی بەرەی نوسرە و گروپەکانی لەگەڵیدان لە باشوری حەلەب، ئەمەش گەورەترین هێرشی حکومەتە لەو ناوچەیە ئەنجام بدرێت لەوەتای لە مانگی دووەوە ئاگربەست چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند لە هێرشەکەدا فڕۆکە بۆردومانی کردووە و تۆپ و موشەکیش بەکارهێنراون. گوتیشی ئامانجی هێرشەکە گرتنەوەی شارۆچکەی تەلەت ئەلعیسە، ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە لایەن چەکدارانی بەرەی نوسرەوە کۆنترۆڵکرا. باسی لەوەش کرد هەرچەندە هێزەکانی حکومەت پـێشڕەویـیان کردووە، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە شارۆچکەکە بگرنەوە.

کاربەدەسـتانی سوریاش لە ڕاگەیاندنێـکی لەشکریدا گوتیان "بە پـشتیوانی هاوپەیمانانیان وەڵامی پـێشێلکاریـیەکانی بەرەی نوسرە و گروپە تێرۆرستیـیەکانی دیکەیان داوەتەوە، ئەوانەی ئاگربەستەکەیان پشـێلکردووە."

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت چەکدارێـکی ئۆپـۆزسیۆن گوتویەتی ئەمە گەورەترین هێرشە لە باشوری حەلەب ئەنجام بدرێت لەوەتای ئاگربەستەکە ڕاگەیەندراوە. هەروەها چەکدارێـکی هێزی سوار ئەلشام بە ڕۆیتەرزی گوتووە بەرپەرچی هێرشەکەیان داوەتەوە و چەکدارە شیعەکانی لە پاڵ هێزەکانی حکومەت شەڕ دەکەن زیانێـکی گەورەیان پـێ‌گەیشتووە.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی سێشەممە بەرەی نوسرە فڕۆکەیەکی جەنگی سوریای لەو ناوچەیە خستە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەشی دەسـتگیرکرد.

XS
SM
MD
LG