Accessibility links

نوسرەی سەر بە قاعیدە دوایـین بنکەی لەشکری حکومەتی سوریا لە ئیدلیب کۆنترۆڵدەکات

  • VOA News

چەکدارانی بەرەی نوسرەی سەر بە قاعیدە دوایـین بنکەی لەشکری حکومەتی سوریایان لە پارێزگای ئیدلبی باکوری ڕۆژئاوای وڵات کۆنترۆڵکرد.

کۆمەڵەی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریا بنکە لە بەریتانیا دەڵێت بەرەی نوسرە و گروپە ئیسلامیـیەکانی هاوپەیمانی ڕۆژی چوارشەممە فڕۆکەخانەی ئەبولزهوریان (أبو الظهور) کۆنترۆڵکردووە کە دوایـین بنکەی لەشکری هێزەکانی بەشار ئەسەد بوو لە پارێزگای ئیدلیب.

تەلەفیزیۆنی فەرمی حکومەتی سوریاش هەواڵەکەی پشـتڕاستکردەوە و گوتی لە پاش دوو سـاڵ لە گەمارۆدانی ئەو بنکەیە لە لایەن نوسرەوە و چەندان شەڕی قورس، ئەو هێزەی بەرگریـیان لە بنکەکە دەکرد کشاونەتەوە بۆ ناوچەی دیکە.

لەوەتای مانگی پـێنجەوە نوسرە توانیویەتی شـاری ئیدلیب و شـارۆچکەی جسر ئەلشغور کۆنترۆڵبکات و بەردەوام بووە لە داگیرکردنی ناوچەی زیاتر لەو پارێزگایە.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هەرچەندە لەشکر لە پارێزگای ئیدلیب کشاوەتەوە، بەڵام هێشـتا چەکدارانی سەر بە حکومەت لە دوو گوندی شیعەی پارێزگاکە ماونەتەوە.

XS
SM
MD
LG