چەند گروپـێـکی ئیسلامی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە پاش شەڕێـکی قورس لە دژی هێزەکانی حکومەت دەسـتیانگرتووە بەسەر شارۆچکەیەکی سـتراتیژی لە پارێزگای حەما لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە.
کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت ئەمڕۆ پـێـنجشەممە ئەم گروپە ئیسلامیـیانە، لە نێویاندا ڕێکخراوی جوند ئەلئەقسا و لیوای فورسان ئەلحەق شارۆچکەی (مۆرەک)یان کۆنترۆڵکردووە کە دەکەوێتە سەر ڕێگەی سەرەکی نێوان هەردوو پارێزگای حەما و حەلەب. کۆمەڵەکە دەشڵێت سەدان خومپارە و موشەک لە شەڕەکەدا بەکارهاتوون.
کەسێـک بە ناوی فارس ئەلبەیوش کە چەکداری لیوای فورسان ئەلحەقە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوتووە هێزەکانیان کە بەشێـک بوون لەو هێزانەی ئۆپـۆزسیۆن، بەیانی پـێـنجشەممە بە تەواوی شارۆچکەکەیان کۆنترۆڵکردووە. گوتوشیەتی لە ژێر ئاڵای لەشکری سوریای ئازاد هێرشەکەیان کردووە.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حکومەتی سوریا هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچیان لەم بارەیەوە ڕانەگەیاندووە.
جێی ئاماژەیە سـاڵێـک لەمەوبەر هێزەکانی حکومەت ئەو شارۆچکەیەیان لە دەستی بەرەی نوسرەی سەر بە ئەلقاعیدە ڕزگارکرد.