Accessibility links

هێزەکانی سوریای دیموکرات چەند گوندێـکی دیکە لە نزیک مەنبج ڕزگاردەکەن

  • VOA News

هەڵمەتی ڕزگارکردنی ناوچەی مەنبجی ڕۆژئاوای ڕووباری فورات لە پارێزگای حەلەب لە لایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوامە و چەندان گوند و شوێنی گرنگی دیکە لەو ناوچەیە لە داعش ڕزگارکراون.

سەرچاوەکان دەڵێن شەوی پـێنجشەممە و بەیانی ئەمڕۆ هەینی هێزەکانی ئەنجومەنی لەشکری مەنبج کە بەشێـکن لە هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیویانە بە پاڵپشـتی هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانانی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا چەند گوندێـکی دیکە ڕزگاربکەن، لەوانە حەسەن ئاغا و کابر ئەلکەبیر و کابر ئەلسەغیر و تەل عرش و جوسە و ڕەسم ئەلئەخزەر و قباب ئەبو قلقل هەروەها بەرزایـیەکانی ئوم سەراج و جەبەل ئەلحەی. بەمانەش لە ئێستادا هێزەکانی سوریای دیموکرات تەنیا 7 کیلۆمەتر لە باشوری ڕۆژهەڵاتی شاری مەنبجەوە دورن.

هاوکات سەدان شەڕڤانی کورد و عەرەب بە دەیان ئۆتۆمبیل و چەکی قورسەوە پەڕیونەتەوە بۆ دیوی ڕۆژئاوای ڕووباری فورات. هەروەها چەکدارانی داعش چەند جارێـک لە دوێنێوە هەوڵی بەرپەرچدانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان داوە، بەڵام شکستیان هێناوە.

لە لایەکی دیکە ئاشتۆن کارتەر وەزیری بەرگری ئەمەریکا هەڵمەتەکەی بەرز نرخاند و دوێنێ پـێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە سنگافور کە لەوێ بەشداری کۆبوونەوەیەکی هەرێمی دەکرد سەبارەت بە ئاسایش، گوتی مەنبج شوێنی پـیلانگێڕی داعشە بۆ ئەنجامدانی هێرشی تێرۆرستی لە وڵاتاندا و هەروەها شوێنی هاتوچۆی چەکدارانی بیانی داعشیشە.

زانا عومەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا کۆمەڵێـک وێنەی لە ناوچەکانی نزیک مەنبجەوە ناردووە و تیایاندا چەند خێزانێـک نیشان دەدات کە لە دەسـتی داعش ڕزگارکراون.

XS
SM
MD
LG