گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەڵێت لەگەڵ ڕووسیا ڕێکەوتوون بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی لەشکری لە کانتۆنی عەفرین، ئەمەش بە مەبەستی مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی یەپەگە لە چوارچێوەی شەڕی دژی تێرۆرزم.
ڕێدور خەلیل ئەمڕۆ دووشەممە گوتی دوێنێ بەم ڕێکەوتنە گەیشتوون و بنکە لەشکریـیەکە لە ناوچەی جەندەریسی باشوری ڕۆژئاوای کانتۆنی عەفرین دادەمەزرێت و هێزەکانی ڕووسیا لەو بنکەیە هەڵدەستن بە ڕاهێنانی هێزەکانی یەپەگە لەسەر شێوازی شەڕی نوێ و هەروەها بنکەکە دەبێتە خاڵێـک بۆ پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی ڕووسیا.
گوتیشی ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنیـیە لە چوارچێوەی پەیوەندی و هاوپەیمانێتیـیەکانیان لە دژی تێرۆر لە سوریا پاش ئەوەی هێزەکانیان تواناکانی خۆیان سەلماند.
بەپـێی ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز لە ئێستادا ماشێن و زرێپـۆشە لەشکریـیەکانی ڕووسیا گەیشتوونەتە ناوچەکانی عەفرین.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا هیچ لێدوانێـکی لەم بارەیەوە نەداوە.