Accessibility links

پـوری ئەو منداڵە کوردەی کۆبانی کە وێنەکانی بە جیهاندا بڵاوکرایەوە و لەسەر کەنارێـکی تورکیا لە قەراغ ئاوەکە تەرمەکەی بینرایەوە، بە ڕۆژنامەیەکی کەنەدای گوتووە خێزانی براکەی هەوڵیان دابوو بۆ کەنەدا کۆچ بکەن.

وێنەی ئالان کوردی تەمەن 3 سـاڵ ڕۆژی چوارشەممە بە هەموو میدیاکانی جیهان و تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکاندا بڵاوکرایەوە، پاش ئەوەی شەپـۆلەکانی ئاوی دەریای ئیجە تەرمەکەی گەیاندە کەناری بۆدرمی تورکیا. وێنەکە جیهانی هەژاند و توڕەیـیەکی ئێجگار زۆری دروسـتکردووە لە بەرامبەر ئەو دۆخە ناهەموارەی ئاوارە و پەنابەران پـیایدا تێپەڕدەبن.

ئالان و غالبی برای کە تەمەنی 5 سـاڵ بوو لەگەڵ ڕێحانی دایکیان (تەمەن 35 سـاڵ) هەرسێـکیان گیانیان لەدەسـتدا، پاش هەڵگەڕانەوەی ئەو بەلەمەی کە هەوڵیان دابوو پـێی بپەڕێنەوە بۆ دورگەی کۆسی یۆنان. بەپـێی هەواڵەکان باوکی منداڵەکان کە ناوی عەبدوڵڵایە بۆ نەخۆشخانەیەکی نزیک شاری بۆدرم برابوو و سەرەتا هەر ئاگای لە خۆی نەبووە.

عەبدوڵڵا باس لە کارەساتی خێزانەکەی بۆ میدیاکان دەکات

عەبدوڵڵا باس لە کارەساتی خێزانەکەی بۆ میدیاکان دەکات

ڕۆژنامەی ناشنال پـۆستی کەنەدی وتووێژی لەگەڵ (تیما کوردی) ئەنجامداوە کە خوشکی عەبدوڵڵایە و لە ڤانکۆڤەری کەنەدا دەژی. تیما دەڵێت " پـێنجی بەیانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە هەواڵەکەی بیستووە و هاوسەری برایەکی پـێی گوتووە عەبدوڵڵا تەلەفونی بۆ کردوون و گوتویەتی ڕێحانی هاوسەری و هەردوو کوڕەکەی خنکاون."

تیما لە درێژەی قسەکانیدا گوتویەتی خێزانی براکەی پـێشـتر داوای مافی پەنابەریـیان لە دەسەڵاتدارانی کەنەدا کردبوو، بەڵام لە مانگی شەش داواکەیان ڕەتکراوەتەوە بەهۆی بوونی کێشە لەو داوایانەی لە تورکیاوە دەکرێن.

تیما دەشڵێت هەوڵی دابوو خۆی خەرجیـیەکانیان لە ئەستۆ بگرێت و ژمارەیەک هاوڕێ و دراوسێی یارمەتیـیان دابوو و پارەیان خستۆتە سەر حسابی بانکەکەی هەتا دەسەڵاتدارانی کەنەدا قایل بن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەیتوانیبوو، بۆیە براکەی و خێزانەکەی ناچاربوون بە بەلەم دەربچن.

باس لەوەش دەکات خۆی کرێی نیشتەجێبوونیانی داوە لە تورکیا و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات بە شێوەیەکی خراپ لە تورکیا مامەڵە لەگەڵ ئاوارە سوریـیەکاندا دەکرێت.

کاربەدەسـتێکی هێزی دەریایی تورکیا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوتووە خێزانەکەی عەبدوڵڵا لە نێو بە لایەنی کەم 12 پەنابەری دیکەی سوریایـیدا بوون کە گیانیان لەدەستدابوو لەو هەوڵەی دابوویان بۆ گەیشتن بۆ کۆسی یۆنان. دەڵێت 2 بەلەم بوون کە لە ناوچەی ئاکیارلەری بۆدرم دەرچووبوون و 23 کەسیان هەڵگرتبوو.

بەپـێی ڕاپـۆرتەکان لەم هاوینە دەیان هەزار ئاوارەی سوری بۆ کەنارەکانی دەریای ئیجە ڕۆیشتوون بەو هیوایەی بە بەلەم بۆ یۆنان بچن.

XS
SM
MD
LG